کیسنجەر هۆشداری لە ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و چین دەدات

کیسنجەر: زیرەکی دەستکرد مەترسییەکانی کۆتاییھاتنی جیهان دوو هێندە دەکات

هێنری کیسنجەر، دیپلۆماتکاری پێشووتری ئەمەریکا
هێنری کیسنجەر، دیپلۆماتکاری پێشووتری ئەمەریکا

K24 – ھەولێر:

هێنری کیسنجەر، دیپلۆماتکاری پێشووتری ئەمەریکا هۆشداری لە ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و چین دا و رایگەیاند، ئه‌و ناكۆكیانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سەر تەواوی جیهان، بە تایبەت ئێستا ناکۆکی هەردوو وڵات لە نێو تەکنەلۆژیا و سەربازی قووڵ بووەنەتەوە.

هێنری کیسنجەر، وەزیری دەرەوە لە سەردەمی ریچارد نیکسۆن و ئەندازیاری لە یەکنزیککردنەوەی واشنتن و پەکین لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو گوتی: "توانای زەبەلاحی ئابووری و سەربازی و تەکنەلۆژیایی نێوان دوو لە زلهێزترین ئابووری جیهان، وادەکات نادڵنیاییەکان زۆر مەترسیدارتر بن بەراورد بە جەنگی ساردی نێوان ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت.

کیسنجەر لە دیداری ناوەندی رۆشنبیری "ماکین ئینستیتیوت" گوتی: "ئەوە گەورەترین کێشەیە بەرۆکی ئەمەریکای گرتووە و گەورەترین کێشەشە بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان".

روونیشیكردەوە، "سەرەڕای مەترسییەکانی ناکۆکی چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگی سارددا، بەڵام پێشکەوتنی تەکنەلۆژی لە بواری چەکی ناوەکی و بە تایبەت زیرەکی دەستکرد، مەترسییەکانی بۆ کۆتاییهاتنی جیهان چەندە، هێندەی دیكەی کردووە، و ھەر یەك لە ئەمەریکا و چین لە پێشەنگی وڵاتانن.

کیسنجەر بۆ یەکەم جار لە مێژوو گوتی: "مرۆڤایەتی توانای خۆلەناوبردنی هەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا". گوتیشی: "تەکنەلۆژیا بە شێوازێك پێشکەوتووە لە 70 ساڵی رابردوودا هەرگیز خەیاڵمان بۆی نەکردبوو".

هاوکات ئەو دیپلۆماتکارە بە ئەزموونە روونیكردەوە، "بابەتی ئەتۆمی پەیوەستە بە بواری تەکنەلۆژیا، بۆیە تیشکی خراوەتە سەر، لە بواری زیرەکی دەستکرددا مرۆڤ هاوبەشی ئامێرە، ئامێر لە توانایدایە زیاتر بەرەوپێش بچێت و خودکاری کاربکات. بۆیە پێویستە بە گرنگییەوە لە ناکۆکی هێزی سەربازی ئەو دوو وڵاتە زلهێزە بڕواندرێت".

بە بۆچوونی کیسنجەر، ناکرێت ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە لەگەڵ جەنگی ساردی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی بەراورد بکرێت.

روونیكردەوە، "یەکێتی سۆڤییەت ئابوورییەکەی بەهێز نەبوو، بەڵکو توانای تەکنەلۆژیای سەربازی بەهێز بوو، هەروەها یەکێتی سۆڤیەت ئەو توانا تەکنەلۆژیایە بەهێزەی نەبوو، کە ئێستا چین خاوەنییەتی، سەرەڕای ئەوەی ئابوورییەکی زەبەلاح و هێزێکی سەربازی تۆکمەی هەیە".

کیسنجەر بە پێویستی دەزانێت، "ئەمەریکا بە‌‌هێزەوە بەرگری لە بنەماکانی بكات و داوا لە چین بکات رێزی بگرێت، هەروەها بەردەوام بێت لە گفتوگۆی بەردەوام و دۆزینەوەی دەرفەرتی گونجاو بۆ ئەوەی لەگەڵ پەکین بەیەکەوە کاری لەسەر بکەن".

Fly Erbil Advertisment