تالیبان ھەڕەشە لە ناتۆ دەكات
"دوای کشانەوەی هێزە بیانیەکان شەڕ دەبێتە شەڕی نێوان هەردوو برا پشتوویەکە، ئەو کات هیوایەك هەیە ئەم دوو برایە سازش بۆ یەکتر بکەن و رێکبکەون"

K24 – ھەولێر:
ئەمەریکا و 30 وڵاتی ئەندامی ناتۆ بەفەرمی دەستیان بە کشانەوه سەربازەکانیان کردووە لە ئەفغانستان. خەڵکی قەندەهار دڵخۆشن بە کشانەوەی ئەمەریکا لە وڵاتەکەیان و دەڵێن: ئەگەر هێزە بیانیەکان بکشێنەوە براکان لەناوخۆیاندا دەگەنە رێککەوتن. گوتەبێژی تالیبانیش هەرەشەیكرد و گوتی: ئەگەر ئەمەریکا پابەندی بەڵێنەکەی نەبێت دەستی موجاهیدەکانمان کراوە دهبێت بۆ هەر ئەگەرێك.
سوپای ئەمەریکا دوای 20 ساڵ شەڕ لە ئەفغانستان لە یەکی ئایار بەفەرمی دەستی بە کشانەوە کرد.
قەندەهار سەردەمانێك قەڵای پۆڵاینی تاڵیبان بوو، شارێکی بێ خزمەت و وێران و دۆخی خەڵکەکەی لەوپەڕی خراپی و هەژاریدایە. دانیشتوانەکەی دڵخۆشن بەکشانەوەی ئەمەریکا و هێزەکانی ناتۆ لە وڵاتەکەیان. پێیانوایە بۆ لەمەودوا شەڕ دەکەوێتە نێوان پشتوویەکان و دەتوانن پێکەوە بگەنە رێککەوتنێك.
پاشا خان (کاسبکار) گوتی: "هیوادارین دوای کشانەوەی ئەمەریکا ئاشتی باڵ بەسەر وڵاتەکەماندا بکێشێت. دوای کشانەوەی هێزە بیانیەکان شەڕ دەبێتە شەڕی نێوان هەردوو برا پشتوویەکە، ئەو کات هیوایەك هەیە ئەم دوو برایە سازش بۆ یەکتر بکەن و رێکبکەون".
زەبیحوڵا موجاهید گوتەبێژی ئیماراتی ئیسلامی ئەفغانستان گوتی: "وادەی کشانەوەی سوپای ئەمەریکا تێپەریوە و ئەم پێشێلکاری و بێ بەڵێنیەی ئەمەریکا دەرگا لەبەردەم موجاهدەکانیاندا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر داگیرکاراندا هەر رێکارێك پێویست بێت بگرنەبەر".

عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانی ئەفغانستان گوتی: "ئالنگارییەکی گەورەمان لەپێشە، بەڵام بۆ خەڵکی ئەفغانستان، کە بەردەوام لەناو کێشە و شەڕ و ململانێدا بوونە کۆتایی دنیا نیە، لهگهڵ ئهوهشدا کارێکی زۆر ئاسانیش نیە. ئێمە بە تاڵیبان دەڵێین: هەموو داواکارییەکانی خۆت بخەرە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستانی لەبارەوە دەکەین و رێگەیەك دەدۆزینەوە. یەك دەرفەتمان لەپێشە بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ئەفغانستان، ئەگەر خودا نەخواستە ئەو دەرفەتە لە دەست بدەین بۆ هەموومان خراپ دەبێت".
لە نەوەدەکان شەڕێکی سەختی ناوخۆیی لەنێوان لایەنە جیاوازەکانی ئەفغانستان روویدا و بەھەزاران کەس بوونە قوربانی و ساڵی 1996 تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەدەست و ساڵی 2001 و دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر ئەمەریکا چووە ئەفغانستان و شەڕی تاڵیبانی دەستیپێکرد.
دوای 20 ساڵ لەشەڕ و کوژرانی هەزاران سەرباز و خەرجکردنی ملیاران دۆلار تا رۆژی کشانەوەی سەربازەکانی ئەمهریکا و حکومەتی ئەفغانستان و 30 وڵاتی ئەندامی ناتۆ، کەمتر لە سەدا 50 خاکی ئەفغانستانیان بەدەستەوە بوو.