حكومەتی عێراق لە مەترسییەکانی داعش خەمساردە
"عێراق رێککەوتنە ئەمنییەکان جێبەجێ ناکات"

K24 – ھەولێر:
یەکێک لە خاڵەکانی ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دامەزراندنی سەنتەری ھاوبەشە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، کە وادەکات رێگری بکرێت لە ئەنجامدانی ھێرشی ھاوشێوەی میحوەری پردی و ھەنگاوێکی دیکەشە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش. بەڵام حکومەتی عێراق بە شێوازێکی جددی نەھاتووەتە پێش و ئەو رێککەوتنەشی جێبەجێ ناکات کە لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ئەنجامداوە.
زۆربەی كردهوهكانی داعش لە پارێزگای دیالە و جەلەولا و چیای حەمرینن، تا دەگاتە ناوچەکانی نزیک شارەبان و دواتر ناوچەکانی قەرەتەپە، لەگەڵ ناوچەکانی سەڵاحەدین و تا نزیک دوز و کفری، تا دەگاتە نزیک مەخموور، کە بوونەتە مۆڵگەیەکی داعش.
وەزارەتی پیشمەرگە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە ساڵی (2019)ەوە تا کۆتایی تەمووزی (2020)، لەسەر چەند خاڵێکی رێککەوت، کە ھێڵێکی بەرگری درووستبکەن و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام بدەن و ناوەندی ھەماھەنگی درووستبکەن؛ بەڵام حکومەتی عێراق بە شێوازێکی جددی نەھاتووەتە پێش، بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە جێبەجێبکرێت و ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە، كە بووەتە دەرفەت بۆ داعش و بەشێک لە میلیشیاکان کردەوەی تیرۆریستیی تێدا ئەنجام دەدهن، کۆتایی پێبیت. بەڵام بە مەبەست ئەو رێککەوتنەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە جێبەجێناکرێت. ھۆشداریش دەدرێت کە داعش چالاکی و ھێرشەکانی زیاتر دەکاتەوە.
سەعید مستەفا، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "ئەگەر حکومەتی عیراق خەمساردی زیاتر بکات لە جیبەجێکردنی رێککەوتنەکە؛ داعش چالاکی و ھێرشەکانی زیاتر دەکاتەوە".
چەقی بۆشایی ئەمنی لە مەخمورەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە خانەقین. ھۆکارەکەشی ئەوەیە میلیشیاکان باڵا دەستن و حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت بیانخاتە ژێردەسەڵاتی خۆی. زۆربەی ئەم کردەوە تیرۆریستییانە لەو ناوچانەی ژێردەسەڵاتی حکومەتی عێراقی دەستپێدەکات و تا ئەو کاتەی ئەو سیاسەتە لە ناوچەکە پەیڕەو بکرێت؛ دۆخەکە بەم شێوەیە دەبێت و چاوەڕێش دەکرێت داعش بە بەرفراوانتر و شێوازی دیکەش ھێرش بکات.
داعش لە ساڵی (2018)دا (456) کردەوەی تیرۆریستی، لە ساڵی (2019)دا (270) کردەوەی تیرۆریستی، لە ساڵی (2020)شدا (260) کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداون. داعش تەنیا لە (3) مانگی یەکەمی (2021)دا (51) کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە. جگە لەو کردەوەی ئەم جارەی، ھەموو ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ئەنجام دراون.