توێژینەوە زانستییەکان شەش هۆکاری زوو پیربوونی پێست ئاشکرا دەکەن

ئەو هۆکارانە چین وا دەکەن زوو پیر بیت؟

K24- هەولێر:

وەک دەڵێن، هیچ رێگایەک نییە تاوەکو بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر تاوەکو گەنجتر دەربکەوین، بەڵام رێگا هەن کە پرۆسەی پیربوون، هێواشتر بکاتەوە.

شەش هۆکار هەن وادەکەن لە تەمەنێکی کەم، پیر دەربکەویت:

یەکەم- خۆر

ئادراش ڤیجای مودگیل، پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست لە نیویۆرک دەڵێت، زۆر چوونە بەرخۆر دەبێتە هۆی چرچبوون و پیربوونی پێست، هەروەها هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی پێست.

دووەم-  جگەرەکێشان

جگەرەکێشان دەبێتە هۆی زوو پیربوونی پێست و دروستبوونی چرچ و لەدەستدانی کۆلاجین. ماددە کیمیاییەکانی ناو جگەرە، کۆلاجین و ئیلاستینی ناو پێست تێکدەشکێنن. هەروەها دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چوونی خوێن بۆ پێست کە کاریگەری لەسەر پێست هەیە.

سێیەم- کەم ئاوخواردنەوە

خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، پێست دەگەشێنێتەوە، هەروەها لە هەوکردن و نەخۆشییەکانی وەک ئەکزیما و چەند نەخۆشییەکی دیکە دەمانپارێزێت.

چوارەم- جوڵەی دەموچاو

یەکێتی تەندروستی پێست لە ئەمەریکا لە توێژینەوەیەک ئاماژەی بەوەداوە، هەندێک دەربڕین هەن بە دەموچاومان دەیکەین، هەندێک کەس هەمیشە یەکجۆر دەربڕین دەکەن و زۆریش دووبارەی دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی چرچ بوونی ئەو شوێنە.

پێنجەم- خواردنەوە کحولییەکان

خواردنەوە کحولییەکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لە لەشدا بەمەش زیان لە پێشت دەدات.

شەشەم- پاکڕاگرتن

پزیشکان رێنماییمان دەکەن. لە دوای بەکارهێنانی ماکیاژ یاخود ئارەقکردنەوە، دەموچاومان پاکبکەینەوە، هەروەها ئەو کرێمانە شێ دەدەنە پێست هاوکاری بە گەنجی هێشتنەوەی پێست دەکەن.

www.eatthis.com