ژه‌می سێیه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا له به‌ریتانیا ده‌ست پێده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "تایمز"ی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه، هه‌ر كه‌سێك له به‌رتانیا له سه‌رووی (50) ساڵییه‌وه بێت، ژه‌می سێیه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌رده‌گرێت و هه‌وڵده‌درێت تا وه‌رزی پایز په‌تای كۆرۆنا بنبڕبكرێت.
رۆژنامه‌كه ئاشكرای كرد، توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی "كریس ویتی"، به‌رپرسی باڵای پزیشكی به‌ریتانیا ئه‌نجام دراوه، كه دوو هه‌ڵبژارده‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، یه‌كێكیان ڤاكسینێكی نوێ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جۆره گۆڕاوه‌كه‌ی كۆرۆنا به‌رهه‌م بهێنرێت، هه‌ڵبژارده‌ی دووه‌م پێدانی ژه‌می سێیه‌مه له‌و ڤاكسیانه‌ی ئێستا له‌و وڵاته به‌رده‌ستن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی زانكۆی "جۆنز هۆپكینز"ی ئه‌مه‌ریكی، تا ئێستا (50) ملیۆن ژه‌مه ڤاكسینی كۆرۆنا له به‌ریتانیا به هاووڵاتیان دراوه.
به‌پێی دوایین ئاماری كۆرۆنا له به‌رتیانیا، (4.7) ملیۆن كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و رێژه‌ی مردنیش به په‌تاكه گه‌یشتووه‌ته (125) هه‌زار حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان.
د.ی