داعش دان بە لەدەستدانی چەند ناوچەیەکی بندەستی دەنێ
هەڕەشە لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەکات
.jpg)
K24-هەولێر
رێکخراوی داعش لە نوێترین پەیامیدا لەسەر زاری گوتەبێژەکەی دانی بە لەدەستدانی چەند ناوچەیەکی بندەستی کرد و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی چەکداریی کرد لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا.
گوتەبێژی رێکخراوی داعش محەمەد عەدنانی ئێوارەی دوێنێ شەممە نوێترین تۆماری دەنگیی بڵاوکردەوە هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نووسراو لە لایەن هاوپەیانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ئاسمانی شاری رەققەی بندەستی رێکخراوەکە لە باکووری سووریا کە تێیدا هاوپەیمانان بۆ یەکەم جار داوایان لە دانیشتوانی شارەکە کرد رەققە جێبهێڵن.
محەمەد عەدنانی گوتی: "ئایا ئەگەر مووسڵ یان سرت یاخود رەققە یان هەموو شارەکان بدۆڕێنین و بگەڕێینەوە وەک جاران دەدۆڕێین؟ نەخێر دۆڕان دۆڕانی ورە و ئارەزووی شەڕکردنە".
ئەمە لە کاتێکدایە شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق و شاری سرت لە باکووری لیبیا و شاری رەققە لە باکووری سووریا سێ پێگەی سەرەکی داعشن لەو وڵاتانە.
گوتەبێژەکەی داعش کە ئەمە بۆ یەکەم جارە لە مانگی دەی ساڵی 2015 وە تۆماری دەنگی نوێی بڵاودەبێتەوە، گوتیشی: "سەرەرای هەزاران هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ناتوانێ شکست بە رێکخراوکە بێنێت".
گوتەبێژەکەی داعش هەروەها داوای لە لایەنگرانی رێکخراوەکە کرد لە مانگی رەمەزانی داهاتوودا هێرش لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامبدەن.
ئا: ئا ، ف