پارێزگای هەولێر لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ بڕیاریدا
رۆژانی جەژن قەدەغەی هاتووچۆ نابێت
K24- هەولێر:
ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر لە راگەیەندراوێک ئاماژە بەوە دەکات، لە رۆژانی جەژن، قەدەغەی هاتووچۆ نابێت، بەڵکو: ''بە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، هاتووچۆ ئاسایی دەبێت''.
هەروەها، لە پارێزگای هەولێر، هەموو جۆرە گردبوونەوە و قەرەباڵغییەک قەدەغە دەبێت، بەڵام ئەنجامدانی نوێژی جەژن لە مزگەوتەکان بە پابەندبوون بە رێنماییەکان ئەنجام دەدرێت.
دەقی بڕیارەکان:
یەکەم/ لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، هاتووچۆی هاوڵاتییان بەپابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی ئاسایی دەبێت.
دووەم/ هەمووجۆرە گردبوونەوە و قەرەبالغییەک لە شوێنە گشتیی و گەشتیارییەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
سێیەم/ ئەنجامدانی ڕێورەسمی نوێژی جەژن لەمزگەوتەکان لەسنووری پارێزگای هەولێر ڕێگەپێدراوە، بۆ ئەو مەبەستەش داواکارین لە مامۆستایانی ئاینی هەروەک چۆن لەڕابردوودا هاوکارمان بوون لە هۆشیارکردنەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی بەهەمان شێوە لە پابەندکردنی نوێژخوێنان بەڕێنمایی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی هاوکاربن، داواش لە نوێژخوێنان دەکەین پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی.
چوارەم/ قهدهغهى هاتوچۆی له نێوان هەولێری پایتەخت و پارێزگاكانی تری خوار و ناوەڕاستی عێراق وهك خۆی دهمێنێتهوه به پێى ئهو رێكارانهى كه له بهیانى ژماره (15)ى ساڵى 2021 دیارى كراوه.
پێنجەم/ وەکو ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، لەڕابردوو و لە ئێستادا هەر ڕێکارێک گیرابێتەبەر لەپێناو سەلامەتی گشتیی و هاوڵاتییان بووە، لەم دۆخەی ئێستاشدا بەرپرسیاریەتی گەورە لە سەرشانی خودی هاوڵاتییاندایە، لەبەر ئەوەی تاکپارێزی و خۆپارێزی لەوبارودۆخەدا هۆکارێکی سەرەکی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی گشتییە لەشارەکەمان.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2021.5.7