سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شێخ و سەرۆكی هۆزەكانی فوراتی ناوەڕاست دەكات
سهرۆك هۆزهكانی فوراتی ناوهڕاست داوا له سهرۆك بارزانی دهكهن رۆڵی خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و كۆكردنەوەی لایەنەكانی عێراق بگێڕێت

K24- ههولێر:
رۆژی شەممە 8ی ئایاری 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی شێخ و سەرۆك هۆزەكانی ناوچەی فوراتی ناوەڕاست كرد، كە پێكهاتبوو لە مونزر ئەلمیالی، عەمیدی سادەی ئەمیال و شێخ ئەمیر سائیر ئەلموتلەك، ئەمیری ئیمارەتی زوبێد و شێخ حەسەن جەواد عەباسی و شێخ حەكیم، میری شێخی هۆزی ئال شبل و شێخ سائیر جفات شەعلان و شێخ ئەمیر موسەننا ئال حاتم ئەلحەسەن و شێخ ئەحمەد عەبدولغانم ئەلشمران ئەلفەتلاوی و شێخ مەیسەم سەهل نەجم، شێخی هۆزی ئەلزرفات.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان جەنابی بارزانیی نەمر و كەسایەتی و شێخ و سەرۆكهۆزەكانی عێراق، ستاییشی رۆڵی سەرۆك بارزانیان لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق و هەروەها ئەو ئاوەدانی و پێشكەوتنانەیان كرد، كە لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە و پێزانینیشیان بۆ سینگفراوانی و میواندۆستیی گەلی كوردستان هەبوو، كە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیان كردووە. لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیدا شاندی میوان كورتەیەكیان لە كێشە و گرفتەكان و نەبوونی خزمەتگوزاری و بار و گوزەرانی دانیشتوانی پارێزگاكانی باشوور و ناوچەی فوراتی ناوەڕاست بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. داواشیان لە سەرۆك بارزانی كرد كە رۆڵی خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و كۆكردنەوەی لایەنەكانی عێراق بگێڕێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای جەختكردنەوە لە پڕەنسیبی برایەتی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی عێراق، پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی جوامێرانەی دانیشتوانی باشووری عێراق لە پێشوازیكردن لە جەنابی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە كاتی گەڕانەوەیان لە سۆڤییەتی پێشوو و هەروەها حەواندنەوەی ئەو كوردانەی لە لایەن رژێمی پێشوو بۆ باشوور نەفی كرابوون، نیشان دا. سەرۆك بارزانی كورتەیەكیشی لە مێژووی ئازار و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان لەناو دەوڵەتی عێراق بۆ شاندی میوان باس كرد و هاوسۆزیی خۆشی بۆ كێشە و گیروگرفتەكانی دانیشتوانی ناوچەی فوراتی ناوەڕاست راگەیاند و هیوای ئەوەی خواست، كە بە هەوڵی هەموو لایەك كێشە و ئازارەكانی خەڵكی عێراق كەم ببێتەوە.
H.B

