لە کەرکووک هەڕەشە لە کاندیدێک دەکرێت
حەسەن شێخانی: هەڕەشەکان بۆ ئەوەن لە خۆکاندید کردن بکشێمەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناکشێمەوە

K24 - کەرکووک
شەوی رابردوو لە دەرگای ماڵی حەسەن شێخانی ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە کەرکووک، زەرفێک دانراوە و فیشەکێکی لەگەڵدایە و تێدا هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
ناوەرۆکی نووسینی ناو زەرفەکە، هەڕەشەی ئەوەی لێ دەکەن کە لەوشوێنەی نیشتەجێە نەمێنێت.
لە بەدواداچوونێکدا لەسەر ئەو پرسە کوردستان24، پەیوەندی بە ئەفسەرێکی بنکەی پۆلیسی عروبە کرد، کە ئەرکیان لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە ئەو ئاماژەی بەوەکرد "حەسەن شێخانی سکاڵای تۆمارکردووەو تیمەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامن، لە بەدواداچوون بۆ رووداوەکە"، بێ ئەوەی هیچ زانیاریەکی دیکە ئاشکرا بکات.
حەسەن شێخانی، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بە کوردستان24ی گوت "ئەو کارە بۆ ئەوەیە کە من بکشێمەوە لەخۆ کاندید کردنم بۆ هەڵبژاردنەکان، یان رەخنە لە ئیدارەی شارەکە نەگرم، بەڵام من هەر سوورم لەسەر خۆ کاندید کردن، بەهیچ شێوەیەک ناکشێمەوە".