وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده موڵكه‌كانی له حزبه سیاسییه‌كان وه‌رده‌گرێته‌وه
لێژنه‌یه‌كی تایبه‌تی پێكهێناوه
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده لیژنه‌یه‌كی خه‌مڵاندن بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە ھەموو ئه‌و موڵكانه‌ی كه له‌لایه‌ن حزبه سیاسییه‌كانەوە داگیركراون پێكدەھێنێت بە‌وانه‌شەوە كە دراون به كه‌رتی تایبه‌ت.
هه‌ر لایه‌نێكیش پێش ئه‌وه‌ی موڵكه‌كان بۆ وه‌زاره‌ت بگه‌رێنێته‌وه، پێویستە كرێی ساڵانی ڕابردووی بدات، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌ت بەڕەزامەندیی خۆی هه‌ندێك موڵكی به قوتابخانه ئه‌هلییه‌كان بەخشیوە".
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده 120 موڵكی گشتی له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، كه هه‌ندێكیان له‌لایه‌ن حزبه سیاسییه‌كان داگیركراون و به‌شێكیشیان دراونه‌ته قوتابخانه ئه‌هلییه‌كان.
به‌رێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌ڵێت: "چه‌ندین جار ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان به نووسراوی فه‌رمی ئاگادار كردۆته‌وه، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌بووه، ئێستاش سه‌رقاڵن گشت دۆسییه‌كانیان بۆ لیژنه‌ی چاكسازی بپێچنه‌وه".
له‌ساڵی 2012 په‌رله‌مانی كوردستان له ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به نووسراوی فه‌رمی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه 150 موڵكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌ستی به‌سه‌ر داگیراوه، به‌ڵام ئێستا ئه‌م ژماره كه‌می كردووه. ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده به‌ئاشكرا ده‌ڵێت هه‌ندێك له وه‌زیره‌كان، موڵكه‌كانی وه‌زاره‌تیان به خوێندنگه ئه‌هلییه‌كان داوه.
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده 189 بینای به‌كرێ گرتووه، ئه‌گه‌ر گشت موڵكه‌كانی كه زۆرینه‌ی له‌لایه‌ن قوتابخانه ئه‌هلییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر داگیراوه، بگه‌رێندرێنه‌وه، ئه‌وا له‌بری ئه‌وه‌ی پاره له كرێی خه‌رج بكات، به‌سه‌دان ملیۆن دینار وه‌ك داهات بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌گه‌رێنێته‌وه.