خەڵکی عێراق لە قەدەغەی رۆژانی جەژن تووڕەن
"هەر کەسێک پابەندی قەدەغە نەبێت سزای دارایی دەدرێت"

K24 - هەولێر
سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژندا بووەتە مایەی ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق، هاوکات خەڵکی ناڕازیش پێیانوایە ئەم بڕیارە بۆ رێگریکردنە لە خۆپیشاندانەکان.
ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی راسپارد، بە پابەندکردنی خەڵک، بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، کە 22ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەر اسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق "قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی بۆ ماوەی 10 رۆژ لەسەرتاسەری عێراق دەست پێدەکات، ئەم بڕیارە لەلایەن شانەی قەیرانەکانەوە دەرکراوە، بۆ ئەوەی رێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەین، هەربۆیە راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ گرنگە، چونکە رێگە دەگرێت لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە".
ئاماژە بەوەکرد "هەرکەسێک پابەندی رێکارەکان نەبێت، بە پێبژاردن سزا دەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێگە بە کردنەوەی دەرمانخانە و فرۆشگاکان و رێستوڕانتەکان دراوە".
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق "هێزە ئەمنییەکان بە درێژایی رۆژانی قەدەغەی هاتووچۆ بڵاودەبنەوە و رێگە بە کەمتەرخەمی نادەن، کاتیش بۆ کردنەوەی هەندێک فرۆشگا دیاریکراوە و بە پێبژاردن سزای هەرکەسێک دەدرێت، کە پابەندی رێکارەکان نەبێت".
سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژندا بووەتە مایەی ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق و پێیانوایە، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆکاری ئەوەی زیانی دارایی زۆریان پێبگەیێنێت.
قەدەغەی هاتووچۆ لە شارەکانی عێراق لە 12ی مانگەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا 22/5/2021 بەردەوام دەبێت.