سەفین دزەیی: بەدواداچوون بۆ سزادانی ئەو کەسانە دەکەین کە لە تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر خێزانێکی کورد
"پەیوەندییمان بە کەسوکاری ئەو خێزانەوە کردووە"

K24 - هەولێر
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەبارەی هێرشکردنە سەر خێزانێکی کورد لە پارێزگای مێرسینی تورکیا لەگەڵ کونسوڵخانەی تورکیا لەسەر خەتن، بەدواداچوون بۆ سزادانی هێرشکاران دەکەن.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "خێزانێکی کورد لە هەرێمی کوردستان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بۆ پشووی جەژن سەردانی تورکیایان کردووە، یەکەم رۆژی جەژن کاتێک گەیشتوونەتە سنووری پارێزگای مێرسین، لەلایەن چەند کەسێک بە ئۆتۆمبێل گێچەڵیان پێکردون، دواتر بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لێیان داون و زوڵمان لێکردون".
گوتیشی: "پەیوەندییمان بە کەسوکاری ئەو خێزانەوە کردووە و لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر لەسەر خەتین، داوامان کردووە کە سزای توندی ئەو هێرشکارانە بدرێت".
سەفین دزەیی، راشیگەیاند: "ئەو سێ کەسەی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو خێزانە کوردە بە بڕیاری دادوەر لە مێرسین دەستگیر کراون و هەر ئەمڕۆ براکانی ئەو کەسەی هێرشی کراوەتە سەر لە رێگەی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر ڤیزای ئەو وڵاتەیان پێدراو و بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون، بۆ ئەوەی لەوێ هاوکاری هاوسەر و منداڵەکانی براکەیان بکەن کە لەوێ بە تەنیان".