سه‌فین دزه‌یی: بۆ دۆسییه‌ی په‌لاماردرانی خێزانێكی كورد له توركیا چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگا ده‌كه‌ین
ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی كردووه، هیچ بنه‌مایه‌كی مرۆڤایه‌تی و به‌ها و ره‌وشتێكی مرۆڤانه‌ی نه‌بووه و با گشتگیری نه‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌و رووداوانه كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانمان نه‌بێت

K24 – هه‌ولێر:
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی رایگه‌یاند، پێویسته له پرسی په‌لاماردانی خێزانه كورده گه‌شتیاره‌كه‌ی مێرسین چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگا بكه‌ین.
سه‌فین دزه‌یی له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" گوتی: سه‌دان و هه‌زاران گه‌شتیاری كورد روو له توركیا ده‌كه‌ن بۆ گه‌شتكردن و خان‌و و موڵكیان له ناوچه جیاجیاكانی توركیا كڕیوه و پێویسته سه‌لامه‌تی گه‌شتیاران پارێزراو بێت.
گوتیشی: توركیا وڵاتێكی گه‌وره‌یه و ملیۆنان گه‌شتیار ساڵانه رووی تێده‌كه‌ن و كێشه‌ی له‌و جۆره رووده‌ده‌ن و ئه‌مه دووه‌م جاره به‌رامبه‌ر به كورد حاڵه‌تی وا درووست بێت و پێش دوو ساڵیش له ته‌رابزۆن سوكایه‌تی به ئاڵای كوردستان كرا، به‌ڵام ئه‌م كرده‌وانه نابێت گشتگیر بكرێن.
سه‌فین دزه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی له توركیا نییه، به‌ڵام هه‌ندێك دۆستیان له ناوچه‌كه راسپاردووه به ده‌م ئه‌و هاووڵاتییه كورده‌وه بچن، كه په‌لامار دراوه و كونسوڵخانه‌ی توركیاش له هه‌ولێر له‌سه‌ر هێڵ بووه.
ئاشكراشیكرد، ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی هه‌رێم كونسوڵخانه‌ی توركیا ڤیزای به دوو برای ئه‌و هاووڵاتییه كورده داوه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی توركیا بكه‌ن و بچنه لای براكه‌یان.
روونیشیكرده‌وه، له دیاربه‌كر تیمێكی پارێزه‌ران ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه بۆ راپه‌ڕاندنی كاری پارێزه‌رایه‌تی ئه‌و دۆسیه‌یه و گوتیشی: ئێمه ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین و نابێت دادوه‌ری بكه‌ین و بڵێین ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به نه‌ژادپه‌رستییه‌وه هه‌یه، به‌ڵێ راسته بۆچوونی نه‌ژادپه‌رستی لای هه‌ندێك كه‌س هه‌یه. مومكینه حاڵه‌تی وا روویداوه و نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ كورد، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانی و ئینگلیزیشدا.
ئاشكراشیكرد، كه هه‌رچوار په‌لامارده‌ره‌كه ده‌ستگیركراوون و ئه‌و هاووڵاتییه كورده سكاڵای له دژیان تۆمار كردووه و سه‌ندیكای مافپه‌روه‌رانی دیاربه‌كر به ده‌مییه‌وه چوون.
دووپاتیكرده‌وه، كه پێویسته چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگا بكه‌ین و گوتیشیی: پێناچێت كردارێكی پیلان بۆ داڕێژراو بێت و ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی كردووه، به تایبه‌تی كه له‌به‌رده‌م ژن و منداڵ هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ئه‌و هاووڵاتییه سه‌رۆك خێزانه، هیچ بنه‌مایه‌كی مرۆڤایه‌تی و به‌ها و ره‌وشتێكی مرۆڤانه‌ی نه‌بووه و با گشتگیری نه‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌و رووداوانه كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانمان نه‌بێت.
سه‌باره‌ت به نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئاشكرایكرد، له مانگی ئه‌یلوولی 2020دا له میانی سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا ئه‌و بابه‌ته باسكراوه و لایه‌نی توركی پێشوازیان لێكردووه و ئێمه له هه‌رێم سه‌رقاڵی رێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ین و له چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بیش نوێنه‌رایه‌تیمان نییه و ده‌مانه‌وێت كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و نوێنه‌رایه‌تی له توركیا و ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی و ئاسیایی بكه‌ینه‌وه.