هێرشکردنە سەر خێزانێکی کورد لە تورکیا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

"زیاتر لە 100 ساڵە نەژادپەرستی لە تورکیا بەردەوامە"

K24 - دیاربەکر

پارتەکانی تورکیا هێرشی نەژادپەرستان بۆ سەر خێزانێکی کوردی دانیشتووی هەولێر، لە رێگەی نێوان مێرسین و ئانتالیا سەرکۆنە دەکەن و دەڵێن "سزانەدانی هێرشی نەژادپەرستان لە بەرامبەر هاووڵاتییانی کورد و گەشتیاران، وایکردووە ئەو جۆرە هێرشانە کۆتاییان نەیەت".

یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان 13/5/2021، خێزانێکی کوردی دانیشتووی هەولێر، لە پارێزگای مێرسینی تورکیا لەلایەن چەند کەسێک هێرشیان کرایە سەر، کوردێک لەو شوێنە بووە کاتێک دیمەنەکەی بینیووە بە هانایانەوە چووە و هاوکاریکردون. دوای رووداوەکە ئەندامێکی ئەو خێزانە بە برینداری بۆ چارەسەر گەیەندرایە نەخۆشخانە. رووداوەکەش لە هەرێمی کوردستان و تورکیا کاردانەوەی لێکەوتەوە و داوای سزادانی هێرشکاران دەکرێت.

ئیمام تاشچە، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی رووداوەکە بە کوردستان24ی گوت: "زۆر لە نەژادپەرستەکانی تورکیا بە عەقڵیەتی سەد ساڵ پێش ئێستا مامەڵە دەکەن، تائێستا نەژادپەرستی لە تورکیا دژی کوردان بەردەوامە، یەکێک لە هۆکارەکان حکومەتی تورکیایە، چونکە وایکردووە نەژادپەرستەکان دەسەڵاتیان هەبێت".

پاش رووداوەکە نیهاد ئەرەن، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رووداوەکە، بە یاوەری شاندێک سەردانی ئەو خێزانە کوردەیان کرد کە لە مێرسین هێرشیان کرایە سەر

جیهان ئلسەن، سەرۆکی لقی دیاربەکری پارتی دەڤ لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "بەداخەوە چەندین جارە هێرشی نەژادپەرستانی تورکیا بۆ سەر کوردان دووبارە دەبێتەوە، بە بڕوای من تا کۆمەڵگەی تورکی دژی نەژادپەرستی نەوەستنەوە، نەژادپەرستی لە تورکیا کۆتایی نایەت، بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە دەبێ هێرشکاران بە توندی سزا بدرێن".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 ئەو سێ کەسەی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو خێزانە کوردە لەلایەن دەستگیرکراون. پارێزگاری شاری مێرسین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئەو کێشەیە لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە.

Fly Erbil Advertisment