عەبادی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فەللوجەی راگەیاند

هێزێکی زۆری سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری فەللوجە جێگیرکراون و داوا لە دانیشتوانی شارۆچکەکە دەکەن فەللوجە جێبهێڵن

K24-هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارۆچکەی فەللوجەی لە رۆژئاوای عێراق لە بندەستی چەکدارانی داعش راگەیاند.

حەیدەر عەبادی لە وتارێکدا کە لە بارەگای فەرماندەیی کردەوە هاوبەشەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدا پێشکەشیکرد راشیگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فەللوجە لە چەتەکانی داعش دەستیپێکرد و بە رۆڵەکانی گەلە خۆشەویستەکەمانی رادەگەیەنین ئاڵای عێراق لەسەر خاکی فەللوجە بەرز هەڵدەکرێ".

عەبادی گوتیشی: "ئەمڕۆ ئاڵا رەشەکانی بێگانەکان کە ئەم شارەیان رفاندووە پارچە پارچە دەکەین، کاتژمێری رزگارکردنی فەللوجە (نزیکەی 50 کم رۆژئاوای بەغدا) زەنگی لێدا و ساتی سەرکەوتنە گەورەکە نزیکبووەتەوە و تاقە بژاردەی داعش هەڵاتنە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکراشی کرد: "سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵ و هێزی دژە تیرۆر و حەشدی هۆزەکان لە پارێزگای ئەنبار لە شەڕی رزگارکردنی فەللوجە بەشدارن".

ئەمە لە کاتێکدایە شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق دوێنێ گوتی: پرۆسەی رزگارکردنی شارۆچکەی فەللوجە عێراقی دەبێ و داوای لە دانیشتوانی فەللوجە کرد خۆ ئامادە بکەن بۆ جێهێشتنی شارۆچکەکە.

هاوکات فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق فەریق رائید شاکر جەودەت لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "20 هەزار پۆلیسی فیدڕاڵ بە پشتیوانی زریپۆش و یەکەکانی تۆپخانە گەیشتنە ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی فەللوجە بۆ ئامادەکاریی چوونە نێو شارۆچکەکە".

سوپای عێراق هەفتەی رابردوو شارۆچکەی روتبەی لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکرد. ئەم پێشڕەوییەش وەک چاودێران دەڵێن رێگەخۆشکەرە بۆ دەستپێکردنی هێرشی گرتنەوەی فەللوجە.

شارۆچکەی فەللوجە لە سەرەتای ساڵی 2014وە کەوتووەتە بندەستی چەکدارانی داعش و سەرەرای هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی عێراق بۆ گرتنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام فەللوجە هێشتا لە بندەستی داعشدایە و شارۆچکەکە بە پێگەیەکی سەرەکی داعش هەژمار دەکرێت لە عێراق.

ئا: ئا ، ف