ئۆباما کوژرانی رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان پشتراست دەکاتەوە
مەلا ئەختەر مەنسوور بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە پاکستان "کرایە ئامانج"

K24-هەولێر
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما ئەمڕۆ دووشەممە کوژرانی رابەری بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستانی پشتراست کردەوە و هیوای خواست ئەم رووداوە ببێتە هۆی بەشداریکردنی تاڵیبان لە دانووستانەکانی ئاشتی.
باراک ئۆباما لە راگەیەندراوێکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە گوتی: ئەختەر مەنسوور "هەوڵەکانی حکوومەتی ئەفغانستانی بۆ بەشداریکردنی راستەقینە لە دانووستاندنەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی رەتکردەوە".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتیشی: "پێویستە لەسەر تاڵیبان ئەم هەلە بقۆزێتەوە بۆ گرتنەبەری تاقە رێگەی راست بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە درێژخایەنە.. کە بریتییە لە چوونە پاڵ حکوومەتی ئەفغانستان لە پرۆسەی ئاشتەوایی کە دەبێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام".
بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز ئۆباما پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان دووپاتکردەوە و گوتی: واشنتن دڵنیایی دەدات لەو کەسانە نەگەڕێ کە هەوڵی بەئامانجکردنی وڵاتەکەی و هاوبەشەکانی دەدەن.
ئاژانسەکە هاوکات لە زاری دوو سەرچاوە لە نێو بزوتنەوەی تاڵیبان گواستییەوە کە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بزوتنەوەی تاڵیبان دوێنێ یەکشەممە کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دیارکردنی جێگرەوەیەک بۆ مەلا ئەختەر مەنسوور
ئەمە لە کاتێکدایە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پیتەر کوک دوێنێ رایگەیاند: "رابەری بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان مەلا ئەختەر مەنسووری و شەرڤانێکی دیکەی بزوتنەوەکە رۆژی شەممە (پێرێ) لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەیەکی پاکستان لە نزیکی سنووری ئەفغانستان کرانە ئامانج".
پیتەر کوک لە تویتێکدا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسی: "هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامدا و رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان مەلا ئەختەر مەنسووری کردە ئامانج و هەنگاوی هاوشێوە ئاسایشی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان زیاتر دەکات".
لای خۆیەوە سەرۆکی جێبەجێکاری ئەفغانستان عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا پێشبینی کرد رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا کوژرابێ.
بە رای چاودێران کوژرانی رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان ئەگەر تەواو پشتراست بکرێتەوە کاریگەری دەبێ لەسەر دانووستانەکانی ئاشتی لەنێوان تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان، چونکە مەلا ئەختەر بە کۆسپ هەژمار دەکرا لە پێش ئەو دانووستاندنە.
ئا: ئا ، ف