بەشێك لە كێشەكانی كچە نەخۆشەكەی نەخۆشخانەی پار چارەسەر کراوە، بەڵام ئامادە نییە نەخۆشخانە جێبهێڵێت
ئەو نەخۆشە لەسەر بەرپرسیاریێتی خۆی جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەی پار

K24 - هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی راگەیاند "سەرەڕای چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكانی ئەو كچە نەخۆشەی لە نەخۆشخانەی پار خەوێنرابوو، جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەكە".
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە كوردستان24ی گوت "ئەو کچە نەخۆشەی گوایە لە نەخۆشخانەكە بەندكرابوو، بەشێكی زۆر لە كێشەكانی چارەسەركرا و لە نەخۆشخانەی پاریش بۆ چاودێری گوازرایەوە نەخۆشخانەیەكی حكومی، بەڵام لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی نەخۆشخانە حكومییەكەی جێهێشتووە و جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەی پار".
روونیشی كردەوە، ئەو نەخۆشە لە 25ی ئادار/ مارسی 2021، بۆ نەشتەرگەرییەك چووەتە نەخۆشخانەی پار، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی كە بڕینی گرێیەك بووە لە قورگی، براوەتە ژووری چاودێری چڕ و نزیكەی 11 رۆژ لەوێ ماوەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوەش كردەوە "دوای ئاگاداركردنەوەی وەزارەتی تەندروستی لەو كەیسە، بەدەم كێشەكەوە چوونە و بەشێكیان چارەسەر كردووە، ئێستاش داشكاندنێكی زۆر بۆ ئەو نەخۆشە كراوە و ئیزندراوە نەخۆشخانەكە جێبهێڵێت و بۆ چاودێری گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی حكومی، بەڵام جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەی پار".
ئاماژەی بەوەشكرد "رەوشی نەخۆشەكە جێگیرە و تەندروستی باشە، لیژنەیەكی تایبەتی لێكۆڵینەوەش لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پێكهێنراوە و لە یەك دوو رۆژی ئاییندەدا كارەكانی تەواو دەكات".
كچەكە لە بنەڕەتدا خەڵكی پارێزگای كەربەلای باشووری عێراقە و تا ئێستاش هیچ كەسێك خۆی لێنەكردووەتە خاوەن.
هاوڕێیەكی ئەو كچە پێشتر بۆ كوردستان24 قسەی كرد و رایگەیاند، پارەی نەشتەرگەرییەكەی كە 1200 دۆلار بووە پارەکە دراوە، بەڵام پارەی مانەوەی كە بەشێكی دیكەی جیاواز بووە له نهشتهرگهرییهكه، نەدراوە.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی روونكردنەوەی لە بارەی ئەو كهیسە بڵاوكردەوە و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەتی پێكهێناوە، بەڵام هێشتا كارەكانی تەواو نەكردووە.
لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، ئهوانیش لای خۆیانهوه لیژنەیەكی تایبەتیان بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە پێكهێناوە و لە كارەكانی بەردەوامە، لە كۆتاییشدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەخەنەڕوو.