بارزانی و جبووری باسی گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ بەغدا دەكەن

"بارودۆخی عێراق تاوتوێ دەكەن"

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ شاندێكی پەرلەمان سەردانی ھەولێر بكات و لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بارودۆخی عێراق تاوتوێ بكەن.

خەسرەو گۆران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمان سەردانی ھەولێر بكەن و لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كۆببنەوە و بارودۆخی عێراق تاوتوێ بكەن".

گوتیشی: "ئەندامانی ئەو شاندەی سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن لە لایەن حەیدەر عەبادی و سەلیم جبووری دیاركراون، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە پرسی گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ بەغدا دەكرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە لە 30 ی نیسانی 2016، خۆپێشاندەران لە بەغدا ھەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و ئیھانە و سوكایەتیان بە ھەندێك لە پەرلەمانتاران كرد كە ژمارەیەكیان پەرلەمانتاری كورد بوون، لەو كاتەوە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق بایكۆتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیان كرد و گەڕانەوە ھەرێمی كوردستان.

Fly Erbil Advertisment