وەزیری بەرگری عێراق لە کەرکووک باس لە جێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ پێشمەرگە دەکات
وەزیری بەرگری عێراق لە کەرکووکە

K24 – کەرکووک
کەمێک پێش ئێستا وەزیری بەرگری عێراق گەیشتە شاری کەرکووک، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی سوپای عێراق لە کەرکووک باس لە جێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بکەن.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند: "جومعە عیناد، وەزیری بەرگری عێراق لە فڕۆکەخانەی کەرکووک لەلایەن پارێزگاری سەپێنراوی شارەکە و بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازی هێزەکانی عێراق پێشوازی لێکرا".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان: "لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسە سەربازیی و ئەمنییەکان، وەزیری بەرگری عێراق باس لە دانانی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکە".
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق رێککەوتنیان واژۆکردووە، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان، بڕیار دراوە چەند ناوەند و لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە دروست بکەن. دوێنێ 19/5/2021، ئەو رێککەوتنە لە سنووری پارێزگای دیالە چووەتە بواری جێبەجێکردن و ژوورێکی هاوبەش پێکهێنراوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک زانیویەتی "وەزیری بەرگری عێراق ئەمڕۆ لە کەرکووک ئەرکی داهاتووی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە بۆ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی هێزەکانی عێراق دەخاتەڕوو، بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیژنەی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکووک پێکبهێنرێت".