نەخۆشخانەی پار: هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی تێچووی چارەسەرکردنی نەخۆشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە

نەخۆشخانەی پار: بەداخەوە ئەم بابەتە ئینسانیە کراوەتە بابەتێکی سیاسیی

نەخۆشخانەی پار لە هەولێر
نەخۆشخانەی پار لە هەولێر

K24 – هەولێر

نەخۆشخانەی پار لە هەولێر، لەبارەی کەیسی نەخۆشێک کە لە نەخۆشخانەکەیانداخەوێنرابوو، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە وتیایدا روونیکردۆتەوە کە : "چەند رۆژێکە بابەتی نەخۆشێکی نەخۆشخانەکەیان بووەتە بابەتی میدیایی چەند کەناڵێکی ئاڕاستەکراو، بەداخەوە ئەم بابەتە مرۆییە کراوەتە بابەتێکی سیاسیی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەکە بشێوێنن".

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئێمە لە نەخۆشخانەی پار لە روونکردنەوەی پێشووشمان، راستی ئەم بابەتەمان خستەڕوو، بەشێکیش لە کەناڵە میدیاییەکان پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکەدا کرد، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە ئینسانیە کراوەتە بابەتێکی سیاسی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەکە بشێوێنن و شکست و ئابڕووچوونە سیاسییەکانی خۆیانی پێ داپۆشن".

لە بەشێکی دیکەی ئەو روونکردنەوە ئاماژە بەوەکراوە: "هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی تێچووی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشە بە رەگەز عەرەبەی نەگرتووەتە ئەستۆ، خۆ ئەگەر هەر کەس و لایەنێکی سیاسی نیازی خزمەتکردن و چارەسەرکردنی خەڵکی هەیە، ئەگەرچی ئێمە لە نەخۆشخانەی پار پێویستمان بەوە نییە و بەگوێرەی توانا لە خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەراندا بووین، بەڵام دەکرێ ئەو لایەنانە پارەکانیان لەخزمەتی ئەوانە سەرف بکەن، نەک هەوڵی لێدانی کەسانێک بدەن و بابەتەکە بە سیاسی بکەن".

نەخۆشخانەی پار ئەوەشی خستۆتەڕوو کە: "تیمی پزیشکی نەخۆشخانەکەمان لە سەرەتاوە هاوەڵی ئەم نەخۆشەیان ئاگادار کردەوە، کە ئەگەر ئەم نەخۆشە لە نەخۆشخانەکەمان بمێنێتەوە تێچووی هەیە، بەڵام هاوەڵی نەخۆشەکە گوتوویەتی کە ئامادەیە هەموو تێچووی چارەسەرەکە بگرێتە ئەستۆ و ئێمەش وەک نەخۆشخانە هاوکاری بووین و ئەو بڕەی کەوتۆتە سەر نەخۆشەکە تەنیا هەقی پزیشک و مەساریفەکانی چارەسەرە".

روونکراوەتەوە: "لە ڕۆژی چوارشەممە 19/5/2021 بە ئەمبوڵانسی تایبەتی نەخۆشخانەکەمان و تیمی پزیشکییەوە ئەم نەخۆشە براوەتە نەخۆشخانەی حکومی و لە دوای ماوەیەکی کەم خۆی گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەکەمان و ئامادە نەبووە لەوێ چارەسەر وەرگرێت".

سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ نه‌خۆشخانه‌ی پاڕ به‌ كوردستان24ی راگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی گومانه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشه‌ به‌ ئامبولانس گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی حكومی بۆ چاودێریكردن، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی خۆی نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كه‌ی جێهێشتووه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی پاڕ، ئه‌وه‌ش گومانه‌كانی زیاتر كردووه‌ كه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌یسه‌ به‌ سیاسی بكرێت و بخرێته‌ به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌سێك و تاقمێكی دیاریكراو.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ چه‌ند میدیایه‌ك، ده‌یانه‌وێت كه‌یسی ئه‌م نه‌خۆشه‌ به‌لاڕێدا ببه‌ن و هه‌واڵی بێ بنه‌ما له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گرووپ و تاقمێكی دیاریكراو بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment