هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی هه‌رێم ده‌چێته‌وه به‌غدا
پێشبینی دەکرێت دوای گەڕانەوەی شاندەکە، پڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بکرێت

K24- هه‌ولێر:
هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی تەکنیکی ھەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بودجە دەچێتە بەغدا و چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەی شاندەکە، پڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێت. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش ئاشکرای دەکات، ناردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان دەکەوێتە دوای گەڕانەوەی شاندی ھەرێمی کوردستان.
له‌وباره‌یه‌وه رێباز حه‌ملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، پڕۆژه یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانان و وه‌زاره‌تی داراییه‌وه ئاماده‌كراوه و چه‌ندین جار ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه، به‌ڵام به‌هۆی بوونی هه‌ندێك كه‌م و كوڕی و به‌رزی ژماره‌كانی ناو پڕۆژه یاساكه، هه‌رێمی كوردستان تووشی كورتهێنانێكی گه‌وره ده‌بوو، بۆیه نێردرایه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئێستا چاككراوه‌ته‌وه و بڕیاره بۆ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بگاته‌وه ئه‌نجومه‌ن و دواتر ده‌نێردرێته په‌رله‌مان.
رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجە ئامادەیە، لەگەڵ پەسەندکردنی دەنێردرێتە پەرلەمان، بەشێکی داھاتەکانی ھەرێمی کوردستانیش بەستراوەته‌وه بەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە پەرلەمان پێی باشە دوای گەڕانەوەی شاندەکە، پڕۆژە یاساکە بگاتە دەستیان.
له‌كاتێكیشدا نزیکەی دوو مانگە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 پەسەندکراوە و تا ئێستا ئەو ماددانەی تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراو، لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر به‌رچاوڕوونی نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و داهاته‌ی كه له به‌غداوه دێت، كاركردن تا راده‌یه‌ك له‌سه‌ر پڕۆژه یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌خته، بۆیه واباشتره دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم له به‌غدا كار له‌سه‌ر پڕۆژه یاسای بودجه‌ی هه‌رێم بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی به‌غدا ده‌ینێرێت و میكانیزمی ناردنه‌كه داتای ته‌واو له‌به‌ر ده‌ستی په‌رله‌مان بێت، تاوه‌كو هیچ بۆشاییه‌ك له پڕۆژه یاساكه‌دا نه‌مێنێت.
دوای گەڕانەوەی شاندەکە دەردەکەوێت پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراق چەندە و بە چ میکانیزمێك دەنێردرێتە ھەرێمی کوردستان، لەبەرئەوە پەرلەمان داوا دەکات، دوای رێککەوتنی کۆتایی، پڕۆژە یاساکەیان بۆ بنێردرێت.
H.B