لە کەرکووک ژووری هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست دەکرێت

گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ کوردستان24: سبەی بە ئامادەبوونی نوێنەری پێشمەرگە کۆبوونەوە دەکرێت

پێشمەرگە
پێشمەرگە

K24 – کەرکووک

گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاشکرای کرد، سبەی لە کەرکووک ژووری هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست دەکرێت.

لیوا تەحسین خەفاچی، گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بڕیارە سبەی ژووری هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک دروست بکرێت و کۆبوونەوەکانی دەست پێ بکات، کە ئامانجی سەرەکی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیە لە ناوچەکەدا".

گوتیشی: "ئێمە لە دیالە ژووری هەماهەنگیمان دروست کردو و سەرکەوتوو بووین، لە کەرکووکیش سبەی کۆبوونەوە دەکەین، نوێنەری پێشمەرگەش لە ژوورەکە ئامادە دەبێت".

لیوا تەحسین، ئاماژەی بەوەشکرد: "کاری ژوورەکە لەسەرەتادا ئاڵوگۆڕی زانیارییە و قسەکردنە لەسەر زانیاری هەواڵگری لەبارەی چەکدارانی داعشەوە، کە ئامانجی هەمووانە پێکەوە رووبەڕوویان ببینەوە".

Fly Erbil Advertisment