هاوکاری دارایی بەسەر ژنە ئێزدییەکانی رزگاربووی دەستی داعش دابەش دەکرێت

هەر ژنێک بڕی 2 ملیۆن دیناری پێدەدرێت

ژمارەیەک ژن و منداڵی ئێزدی لەکاتی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال - 2014
ژمارەیەک ژن و منداڵی ئێزدی لەکاتی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال - 2014

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق هاوکاری دارایی بە بڕی 2 ملیۆن دینار دەداتە نزیکەی هەزار و 900 ژنە ئێزدییەکانی رزگاربووی دەستی داعش.

عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری ژنە رزگاربووەکانی دەستی داعش، روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە، لە کۆی 3 هەزار و 500 ژنی رزگاربوو، تەنیا هەزار و 900 رزگاربوو، هاوکاری دارایی دەیانگرێتەوە، کە بڕەکەی 2 ملیۆن دینارە".

جەهانگیر گوتی "ئەوانەی خانووەکانیان رووخاوە و تێچووەکەی کەمترە لە 30 ملیۆن هاوکاری دەکرێن، بەڵام لەو بڕە پارەیە زیاتر، داواکارییان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەکرێتەوە".

لەکاتی هێرشی داعش بۆسەر شنگال لە ساڵی 2014 ژمارەیەک زۆر لە ژن و منداڵانی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعش رفێنران، دوای تێکشانی داعش لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و سووریا، زۆربەی ئەو ژن و کچانەی داعش رزگار کران، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییەکانی کردەوە و تائێستاش لە هەوڵدان بۆ بێسەروشوێن بووانی دیکەی ئێزدی.

Fly Erbil Advertisment