میلیشیاکانی عێراق هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەمه‌ریکییەکان دەکەن

میلیشیاكانی عێراق: واشنتن تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات

گرووپێكی میلیشیای عێراق
گرووپێكی میلیشیای عێراق

K24 - هه‌ولێر:

جارێکی دیکە گرووپە چەکدارەکانی نزیك لە ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق دەکەن و دەڵێن، واشنتن تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات. ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، ئاماژە بە مەترسیی کردەوەکانی ئەو گرووپانە دەکات و پێیوایە، کاریگەری لەسەر دۆخی، سیاسی، ئەمنی و ئابووری عێراق دەبێت.

10 گرووپی چەکداریی نزیك لە ئێران، کە لە نێو کۆمەڵەیەکدا بەناوی دەستەی هەماهەنگی گرووپەکانی موقاوەمەی عێراقی کۆبوونەتەوە و ئامانجیان تۆڵەکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسە، جارێکی دیکە لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق دەکەن و رایانگه‌یاند، واشنتن تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات.

لە دیارترین ئەو گرووپانە، کەتائیبی حزبوڵڵا، نوجەبا، عەسائیب ئەهلولحەق، خوراسانی، سەیدولشوهەدا و تەفوف، له‌گه‌ڵ چەند گروپێکی دیکەن، هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمه‌ریکا و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق، بە ئەرکێکی شەرعی و نیشتمانی دەزانن.

لە بەرامبەردا، عەلی سنێد، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر پێیوایە، دەبێت حکومەتی عێراق، کار لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چەکی لە یاسادەرچوو بکات و نابێت، لەژێر هیچ بیانوویەکدا دۆخی ئەمنی وڵات ئاڵۆزتر بکرێت، هەروەها داوا دەکات، لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە، بابەتی هێزەکانی بیانی یەکلایی بکرێتەوە.

هەر سەبارەت بە هەڕەشەی میلیشیاکان، رەعد دەهلەکی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روونیكرده‌وه‌، هەر هەنگاوێک بە ئاڕاستەی دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ هێزەکانی ئەمه‌ریکا، کاریگەری مەترسیداری بەسەر دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریشەوە دەبێت، تەنانەت بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەشەوە، کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری داهاتوو بکرێت.

لە مانگی نیسانی رابردوو، سێیەم گەڕی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن بەڕێوەچوو، له‌ گفتۆگۆی نێوان هه‌ردوولا، لەسەر گۆڕینی رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانان، بۆ مەشق و راهێنان و راوێژی سەربازی رێککەوتن.

 

د.ی

Fly Erbil Advertisment