بە هۆی تۆپبارانی تورکیا هاووڵاتییەک لە کانی ماسێ بریندار بوو

گوندێکی دیکەی ناوچەکە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکرا
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – دهۆک

بەهۆی تۆپبارانی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ، هاووڵاتییەک برینداربوو، گوندێکی دیکەی ناوچەکەش چۆڵکرا.

سەربەست سەبری، بەرێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ-ی سەر بە قەزای ئامێدی، بۆ کوردستان24ی ئاشكرا كردووە: "لە کاتژمێر 11:30ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە 25ی گوڵانی 2021، لە گوندی (دشیشێ)ی سەر بە ناحیەکەمان، بە هۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا، هاووڵاتییەکی سڤیلی ئەو گوندە بە ناوی (باوەڕ ئەحمەد) برینداربوو، بۆ چارەسەر گەیەندرایە نەخۆشخانە".

گوتیشی: "لە دوێنێ شەوەوە، هێزەکانی تورکیا بە دژواری بنکەکانی پەکەکە لە دەوروبەری گوندی (ئەدنێ) بۆردومان دەکەن و بەو هۆیەوە خەڵکی ئەو گوندە گوندەکەیان چۆڵکرد."

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئاوی خواردنەوەی هەردوو گوندی (گرکا و تشیشێ) سەرچاوەکەی لە گوندی (ئەدنێ)یە، بۆیە ئەو دوو گوندە بێ ئاو بوونە".

هەر لەمبارەیەوە، ئەحمەد ئەدنی کە رۆژنامەنووسێکی خەڵکی گوندی (ئەدنێ)یە بە کوردستان24 ی گوتوە، لەبەر شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە رۆژانە گوندەکەیان بۆردومان دەکرێت، ئەوانیش ناچاربوون گوندەکەیان چۆڵ بکەن.

ئاشكراشیكردووە: "گوندەکەمان چەندین سەرچاوەی ئاوی هەیە ئاوی خواردنەوەی 9 گوندی بەرواری باڵا لە گوندەکەی ئێمەوە دابینکراوە".

باوەڕ ئەحمەد، ئەو گەنجەی ئەمڕۆ لە گوندی (دشێشێ)ی سنووری ناحیەئ کانی ماسێ، بەهۆی تۆپبارانی تورکیا برینداربوو
باوەڕ ئەحمەد، ئەو گەنجەی ئەمڕۆ لە گوندی (دشێشێ)ی سنووری ناحیەئ کانی ماسێ، بەهۆی تۆپبارانی تورکیا برینداربوو