کازمی: لێکۆڵینەوە لە کوژرانی خۆپیشاندەران دەکەین
لە خۆپیشاندانی دوێنێ دوو کەس کوژران و نزیکەی 40 کەسی دیکەش برینداربوون

K24 - هەولێر
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پشتگیری لە ئازادی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەن و لێکۆڵینەوەش لە کوژرانی خۆپیشاندەران دەکەن.
لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، پشتگیری ئازادى خۆپیشاندانى ئاشتییانە لە عێراق دەکەن و فەرمانى توندیان دەرکردووە، بۆ پاراستنى خۆپیشاندەران، دان بەخۆدا گرتن و بەکارنەهێنانى چەک بەهەر هۆیەک بێت.
کازمی راشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەى رووداوەکانى کۆتا ساتەکانى خۆپیشاندانى گۆڕەپانی تەحریر دەکەن، بۆ ئاشکراکردنى راستییەکان.
دوێنێ سێشمەممە 25/5/2021، خۆپیشاندان لە شاری بەغدا دەستیپێکردەوە، لە ئەنجامی توندوتیژی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران 2 کەس کوژران و 37 کەسیش برینداربوون، ژمارەیەکییان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.