گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک لە خزمەتگوزاری بێبەش دەکرێن
پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک تەنها گرنگی بە حەویجە دەدات
K24 - کەرکووک
تەنیا لەمساڵدا 165 پڕۆژە بۆ سنووری حەویجە لەلایەن راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووکەوە جێبەجێکراون، بەڵام گەڕەکە کوردییەکان لە هەموو ئەو بوودجانەی دێتە شارەکەوە بێبەشدەکرێن و هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ ناکرێت، هاووڵاتیانی گەڕەکی بارووتخانەی کەرکووکیش بۆ داواکردنی مافەکانیان گردبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و جیاکاری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەربڕی.
رۆژانە راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، زۆرینەی چالاکییەکانی قەزای حەویجە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نمایش دەکات، چالاکییەکانیشی پڕۆژەی نوێیە بۆ خزم وعەشیرەت و گوندەکانی سنوورەکەی خۆی.
هاووڵاتییانی گەڕەکی بارووتخانەی کوردنشین لە کورکووک دەڵێن، زیاتر لە ساڵێکە شەقامێکی سەرەکی گەڕەکەکەیان کە بڕیاربوو قیرتاوبکرێت بەبیانووی زیادەڕۆییەوە ڕاگیراوە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکەکە بە کوردستان24ی گوت: "بارودۆخی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک زۆر خراپە و دەچەوسێنرێینەوە و هیچ بۆ کورد ناکرێت".
چەندین کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری یەخەی خەڵکی کەرکووکیان گرتووە، تابەرەو قوڵایی گەڕەکە کوردییەکان بڕۆی کێشەکان زیاتر دەبن، گردبوونەوەی زبڵ و خاشاک و نەبوونی ئاو و کارەبا و خراپی رێگاوبانەکان و چەندین کێشەی دیکە خەڵکەکەی هەراسان و بێزار کردووە.