کریستیانەکان بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە ئاوارە بوون

کریستیانەکانی گوندی چەلکێ ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکەیان

K24 - هەولێر

به‌هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیاوە، كریستیانه‌كانی گوندی چه‌لكێ له‌ سنووری شاره‌دێی كانێ ماسی ئاواره‌بوون، و به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕیش ناتوانن سه‌ردانی گونده‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌، و لە دۆخێکی نالەبار دان.

نزیکەی مانگێکە خەڵکی گوندی چەلکێ-ی کریستیان نشین لە سنووری کانی ماسێ بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا گوندەکەیان چۆڵکردووە، زۆربەیان لە کۆمەڵگەی بێرسڤی سنووری ناحیەی دەرکارێ-ی قەزای زاخۆ نیشتەجێ بوون، وەک خۆیان دەڵێن ژیانێکی زەحمەت بەڕێدەکەن.

ژنێکی خەڵکی گوندی چەلکێ، کە ئێستا ئاوارە بووە بە کوردستان24ی گوت: "بەهۆی خەم و خەفەتی ئاوارەبوونەوە نەخۆش کەوتووم، با پەکەکە و تورکیا بچنەوە سەر خاکی خۆیان شەڕ بکەن، کوڕەکانی ئێمەش پێشمەرگەن و شەڕیان کردووە، بەڵام نەچوونەتە ناو خاکی تورکیا، بەڵکو بەرگریان لە خاکی خۆیان کردووە. پەکەکە هاتووەتە سەر شاخەکانی سنوورەکەمان و تورکیاش تۆپبارانی دەکات، لەو نێوەدا زیان بەر ئێمە دەکەوێت".

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی گوندی چەلکێ ش دەڵێ: "رەز و باخەکانمان هەمووی وشکبوون، چونکە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە دەستبەرداریان بووین، نەمانتوانیوە بچین ئاویان بدەین، بەشێکی زۆری پوش و پاوانی ناوچەکەمان سوتاوە".

ئەدیب جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار بە کوردستان24ی راگەیاند: "کاتێک خەڵکی گوندی چەلکێ ئاوارەی سنوورەکەمان بوون، لە بارودۆخێکی خراپدا بوون، بەپێی توانا هاوکاریمان کردوون".

Fly Erbil Advertisment