ئاری هه‌رسین: عێراق ئێستا له حاڵه‌تی پشێویدایه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌بێت
عێراق وڵاتێك نییه كه به‌ده‌ست خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه بێت، به‌ڵكو خه‌ڵكی دیكه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان باڵاده‌ستن و ده‌ستوه‌ردان له سیاسه‌ت و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری عێراقدا ده‌كه‌ن

K24- هه‌ولێر:
ئاری هه‌رسین، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی كاریگه‌ری رووداوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی شاری به‌غدا له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق دووپاتیكرده‌وه، هه‌موو گۆڕانكاری و پێشهاته‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، عێراق ئێستا له حاڵه‌تی پشێویدایه.
ئه‌م گوتانه‌ی ئاری هه‌رسین له‌كاتی میوانداری له ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـدا هاتوون و گوتی: "سیسته‌می پشێوی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه به بچووكترین پێشهات ئه‌نجامێكی دڕندانه‌ی نه‌خوازراوی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، هه‌رچه‌ند مه‌رج نییه هه‌میشه ئه‌نجامه‌كه نه‌رێنی بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای عێراق و ئه‌و پشێویانه‌ی له‌و وڵاته له‌ئارادان و ئه‌و رووداوانه‌ی له به‌غدا روویاندا، كه ره‌هه‌ندێكی سه‌ربازی و چه‌كدارییان هه‌یه، له‌چوارچێوه‌ی دیموكراسه‌ت ده‌رده‌چێت، بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هه‌ڵبژاردن له‌م دۆخه‌دا هه‌ر نه‌كرێت".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش، ئایا رووداوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی به‌غدا ده‌بنه هۆكارێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گرووپه میلیشیاكان له عێراق؟ له‌كاتێكدا هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن ده‌ڵێن: كازمی ده‌یه‌وێت هێزی خۆی له‌و رێگه‌یه‌وه نیشان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا پشتیوانی به‌ده‌ست بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه، ئاری هه‌رسین گوتی: "من له‌و باوه‌ڕدا نیم مه‌به‌ستی كازمی ئه‌وه بێت، چونكه كازمی زۆر پێویستی به كه‌شێكی ئارامه تاكو بتوانێت له دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌رده‌وام بێت".
هه‌وره‌ها دووپاتیكرده‌وه، "هه‌رچی ئه‌و گرووپانه‌شن كه له‌ژێر چه‌تری حه‌شدی شه‌عبیدان، كه پێشتر له په‌رله‌مان به‌زۆر ره‌وایه‌تییان پێ درا، ئه‌و ره‌وایه‌تی پێدانه به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپانه ببنه هێزێكی رێكخراوی سیستماتیك و وه‌ك سوپای فه‌رمی وڵاتێك ده‌ركه‌ون، ده‌بێت له بنه‌ماوه جووڵانه‌وه‌یه‌كی میلیشیایی نه‌بێت، وێڕای ئه‌وه‌ی یاسا بۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌ركراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا بینیمان جارێكی دیكه سه‌لماندی كه ئه‌و گرووپانه هێزێكی نیزامی و رێكخستوو نین، به‌ڵكو روخساری میلیشیایان هه‌یه، بۆ وڵاتێكی وه‌ك عێراقیش روخساری میلیشیا به‌و پشێوییه‌ی كه له ئارادایه، وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیتكراو وایه و زۆریش مه‌ترسیداره".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش كه ئایا هچ خواستێك له عێراق هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت؟ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه، "به‌ڵێ خواستێك هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له كاتی خۆیدا، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا خواستێك بۆ ئه‌وه‌ش هه‌یه كه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ئه‌نجام نه‌درێت، هێزی ئه‌و دوو خواستانه‌ش ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌و دیپلۆماسیه‌ته‌ی له ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر عێراق ده‌كرێت، چونكه عێراق وڵاتێك نییه كه به‌ده‌ست خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه بێت، به‌ڵكو خه‌ڵكی دیكه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان باڵاده‌ستن و ده‌ستوه‌ردان له سیاسه‌ت و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری عێراقدا ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتن و ئه‌وانه‌ی هێزی سه‌ربازی و سه‌رمایه‌گوزارییان له عێراق هه‌یه".
سه‌باره‌ت به‌و بۆچوونانه‌ش كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانه‌كان له ئیستاوه كورسییه‌كان دابه‌ش كراون و له‌ده‌ره‌وه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی عێراق ده‌درێت، ئاری هه‌رسین گوتی: "به‌گوێره‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له رابردوودا هه‌مانه، هه‌ندێك وڵات ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونێكی زۆریان به‌سه‌ر عێراقه‌وه هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانرێت بگوترێت به‌جۆرێك سێبه‌رن، كه هه‌ندێك جار ده‌سه‌ڵاتیان له هی حكومه‌تی ره‌سه‌ن و ناوه‌ندیش زیاتره و خه‌ڵكی عێراقیش نین".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ئاخۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته كێشه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر ده‌كات؟ ئاری هه‌رسین ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ناتوانێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی عێراق بكات، تا ئه‌و كاته‌ی پێكهاته‌كانی عێراق ده‌گه‌نه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌م وڵاته فره ره‌نگه و پێویسته به شه‌راكه‌تێكی ستراتیژی به‌ڕێوه ببرێت، نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز ئاماژه‌ی پێ بدرێت و میلله‌تێكی وه‌ك كورد په‌راوێز بخه‌یت و هه‌رێمێكی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان سزا بده‌یت و په‌راوێزی بخه‌یت".
گوتیشی: "به‌مشێوه‌یه‌ی كه ئێستا، عێراق به‌ره‌و خراپتریش ده‌ڕوات، هه‌ر ده‌موچاوێكیش بێته ده‌سه‌ڵات هیچ كاریگه‌ری نابێت، چونكه هیچ رێككه‌وتنێكی ستراتیژی و كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌كدا بێت بوونیان نییه، كه ئه‌مانه‌ش نه‌بوون، هه‌م هه‌ڵبژاردن وه‌ك شانۆگه‌ریه‌ك ده‌بێت و هه‌م گۆڕانكاری له ده‌موچاوه‌كانیش هیچ گۆرانكارییه‌ك درووست ناكات، چونكه ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كرداریی به‌ده‌سته‌وه‌یه هه‌ر له شوێنی خۆیه‌تی".
سه‌باره‌ت به پێشبینییه‌كانی له‌باره‌ی سه‌نگ و پێگه‌ی كورد له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا، ئاری هه‌رسن گوتی: "پێویسته به‌ر له هه‌موو شتێك یه‌كه‌م: ئه‌و كوردانه‌ی دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر زێدی خۆیان جێهێشتووه، بگه‌ڕێندرێنه‌وه شوێنی خۆیان، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌شدار نه‌بن له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، مانای وایه كه له‌به‌رده‌م هه‌موو جیهان هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه ئه‌نجامێكی ساخته‌ی ده‌بێت. دووه‌میش: ئایا تا چه‌ند كورد ئه‌زموونی له پیلانگێڕییه‌كه‌ی 16 ئۆكتۆبه‌ر وه‌رگرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی مه‌بده‌ئی و به یه‌كده‌نگ به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بكه‌ن".
H.B