رەخنە لە رێکارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەگیرێت دژی ئێران

"میکانیزمی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی زۆر کۆنن و بۆ جەنگی دووەمی جیهانیی دەگەڕێنەوە"

به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران
به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران

K24 - هه‌ولێر:

رێکخراوێکی ئەمه‌ریکی، کە تایبەتە بە توێژیەنەوە لەسەر رێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، لە نوێترین لێکۆڵینەوەی خۆیدا رایگەیاند، رێوشوێنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ چاوەدێریکردنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، ناتوانن رێگا لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بگرن.

گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئێران و وڵاتانی چوار کۆ یەک بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا بەردەوامە. وڵاتانی رۆژئاوایی و لە سەرووی هەموانەوە ئەمه‌ریکا بە هیوان ژیاندنەوەی رێککەوتنەکە و پابەندکردنی ئێران بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی و بەردەوامبوونی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، رێگا لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بگرن.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم گەڕەی دانوستانەکان، رێکخراوێکی ئەمه‌ریکی لە نوێترین توێژینەوەیدا ئاماژی به‌وه‌ كرد، میکانیزمی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زۆر کۆنن و بۆ جەنگی دووەمی جیهانیی دەگەڕێنەوە و ناتوانن رێگا لە دەستڕاگەیشتنی ئێڕان بە چەکی ئەتۆمی بگرن.

بە گوێرەی ئەم توێژینەوەیە، كه‌ لە رۆژنامەی "فرانکفۆرتێر رۆندشاو"دا بڵاوکراوەتەوە، میکانیزمەکانی ئاژانس و پێوەرەکانی بۆ چاوەدێری کردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان، بە شێوەیەکی مەترسیدار کۆنن و ئەو رێوشوێنانەی ساڵی 2015 لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا لەسەری رێککەوتوون، بۆ پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە.

پسپۆڕانی رێکخراوی توێژینەوەی رێگری لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، لە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەدا، کە دوو ساڵی خایاندووە، بەو ئەنجامە گەیشتوون، کە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەو شێوەیەی پێشتر هەبووە، ناتوانێت نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئیران بڕەوێنێتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەگەر تا کەمتر لە مانگێکی دیکە دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام و گەمارۆ سەپێنراوەکانی ئەمه‌ریکا لەسەر وڵاتەکە لانەچن، ئەوا رێگا لە سەرجەم چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەگرێت و زانیارییەکانی کامێراکانی چاودێرییەکانیش دەسڕێتەوە.

هاوکات هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە رێککەوتننامەکەی ڕەتکردووەتەوە و بەم شێوەیەش نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئامانجی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران و دەستڕاگەیشتنی ئەم وڵاتە بە چەکی ئەتۆمی هەر بەردەوام دەبێت.

 

د.ی

Fly Erbil Advertisment