شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ شاندێکی تەکنیکی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە
گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەکەن

K24 – بەغدا
ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندێکی تەکنیکی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە و باس لە وردەکاری رێککەوتنی هەردوولا و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دەکەن.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا دەست بە گفتوگۆکانی دەکات، لە سەرەتدا لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە، دواتر کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ شاندێکی تەنکینکی حکومەتی عێراق دەکەن، کە هەر یەک لە وەزیری دارایی و وەزیری نەوتی عێراق و نوێنەری چاودێری دارایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی وردەکاری ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق دەکرێت، تاوتوێی هەموو ئەو گرفتانە دەکەن کە لەبەردەم ناردنی پشکی هەرێم هەن، بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراودا رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت".
بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، دوێنێ یەکشەممە 30/5/2021، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و چووە بەغدا.