فازڵ میرانی: پارتی ناچێتە ژێر باری ھیچ خۆسەپاندنێك
"بەرپرسیاریەتی ھەموو لایەنەكان پاراستنی دەستكەوتەكانە"
K24 - سلێمانی
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئەدھەم بارزانی، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەم رێككەوتنەی نێوان یەكێتی و گۆران توڕە نییە و ئەوان ھێورن، بەڵام سیاسەتی پارتی وایە ناچێتە ژێر باری ھیچ خۆسەپاندنێك.
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند: "بەرپرسیاریەتی ھەموو لایەنەكان پاراستنی ئەو دەستكەوتانەیە كە بە خوێنی شەھیدانمان بە دەستھاتووە، دەبێ بە رێگەی بە دیالۆگ و مەنتق كێشەكانمان چارەسەر بكەین، نابێ پەنا بۆ مەنقی ھێز ببەین، چونكە مەنقێكی كاتییە، ھێزی مەنتق ھێزێكی بەردەوامە و زوو یان درەنگ ھەر سەر دەكەوێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئێمە وەك پارتی ھەمیشە ھێورین و زویر نەبووینە تا ھێوربینەوە، ھێوری ئێمە تەنھا پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەییەكان و بەرەو پێشبردنیانە، بۆیە ئێمە ھێوریمان ھەڵبژاردووە، بەڵام ناچینە ژێر باری سەپاندنی شت بەسەرخۆماندا".
لە بارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو لیژنەیەی لە لایەن پارتی پێكھێندراوە بۆ سەردانكردنی لایەنەكان، میرانی گوتی: "لیژنەكە ھێشتا ماوە، بەڵام بارودۆخی نوێ ھاتوونەتە ئاراوە، بۆیە دەستنەكراوە بە دانووستاندن، ئەگەر لەگەڵ عێراق بگەینە رێككەوتن، ئەوا پێویست بە ئەنجامدانی ریفراندۆمیش ناكات".
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا فازڵ میرانی، دوای دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستان كرد: "بەنزین نەكەن بە ئاگرەكە و ئاو بكەن بە ئاگرەكەدا، چونكە كەس نییە لە ئاگرەكە نەسوتێت یەكەمجار خۆتا تێدا دەسوتێن".