به‌شیر حه‌داد وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك له‌باره‌ی جێبه‌جێ نه‌كردنی یاسای بودجه ده‌داته‌وه
به‌شیر حه‌داد: ئه‌گه‌ر به‌زووترین كات یاسای بودجه جێبه‌جێ نه‌كرێت، ناچار ده‌بین وه‌زیری دارایی بۆ لێپرسینه‌وه بانگهێشتی په‌رله‌مان بكه‌ین
K24- هه‌ولێر:
به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی تانه‌لێدانی حكومه‌تی عێراق له یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی كوردستان24ی دایه‌وه و گوتی: یاسای بودجه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كه له حكومه‌ته‌وه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا، ته‌نیا له كۆمه‌ڵێك په‌ڕاو و ژماره پێكده‌هات و هیچ له پڕۆژه یاسای بودجه نه‌ده‌چوو، بۆیه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مان، بۆ ماوه‌ی زیاتر له دوو مانگ سه‌رقاڵی ئه‌و پڕۆژه یاسایه بوون و دوای ئه‌نجامدانی زیاتر له 50 كۆبوونه‌وه و 300 چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ده‌وڵه‌ت، توانرا ده‌ستكارییه‌كی ته‌واو بكرێت و چوارچێوه‌یه‌كی یاسای بودجه‌یی به‌و پڕۆژه یاسایه بدرێت، كه ده‌كرێت بگوترێت 85%ی ئه‌و په‌ڕاوه‌ی بۆ په‌رله‌مان نێردرابوو، ده‌ستكاری كرا.
ئه‌م گوتانه‌ی به‌شیر حه‌داد له‌كاتی میوانداری له ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـدا هاتوون و ئاشكرایكرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ستكاریكردنه ژماره‌كانی ناو په‌ڕاوه‌كه و بودجه‌ی دیاریكراوی شوێنه‌كانیش به شێوازێك هه‌موار كرانه‌وه، كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و وڵات‌دا بێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا خه‌رجییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مكرانه‌وه و داهاتی هه‌ندێك شوێنیش زیادكران، به‌مه‌ش توانرا بڕی كورتهێنان له بودجه كه‌م بكرێته‌وه.
پرسیار/ پێشتر كه پڕۆژه یاسای بودجه له حكومه‌ته‌وه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرابوو ئینجا په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر دا، بۆچی ئێستا له‌ناو حكومه‌ت تانه له‌و یاسایه ده‌درێت؟
به‌شیر حه‌داد گوتی: هه‌رچه‌ند ئه‌و ده‌ستكاریكردنه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك لایه‌ن و داموده‌زگادا نه‌بوو، كه له پشكه‌كانیان كه‌مكرایه‌وه، به‌ڵام دواجار له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و وڵات‌دا بوو، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و تانه‌لێدانه له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه، كه بڕه پاره‌ی ئه‌و داموده‌زگایانه زیاتر بكرێته‌وه، كه هیچ سوودێكی بۆ وڵات نییه و له رێگه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه ده‌چێته گیرفانی هه‌ندێك لایه‌نی تایبه‌ت.
له‌كاتێكدا هیچ بیانوویه‌ك بۆ حكومه‌تی عێراق نه‌هێڵراوه‌ته‌وه، بۆچی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم نانێرێت؟
له وه‌ڵامی پرسیاری سه‌ره‌وه، به‌شیر حه‌داد گوتی: له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم كێشه‌كه له وه‌زاره‌تی دارایی بێت، به‌ڵكو كێشه‌كه له‌كۆی سیسته‌مه‌كه‌یه، چونكه نه‌ك ته‌نیا پشكی هه‌رێم له بودجه خه‌رج نه‌كراوه، به‌ڵكو تا ئێستا بودجه‌ی ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقیش خه‌رج نه‌كراوه، پڕۆژه‌كان هێشتا ده‌ستیان پێنه‌كراوه‌ته‌وه و پاره‌ی پێویستیان بۆ ته‌رخان نه‌كراوه، واتا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تا ئێستا یاسای بودجه نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردن.
هه‌روه‌ها گوتی: له دانیشتنێكی تایبه‌تدا ئه‌مڕۆ له په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختمان له‌وه كرده‌وه، جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه زۆر دواكه‌وتووه و راشمانگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی و پلاندانان و حكومه‌تی عێراق به گشتی به‌رپرسن له جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و یاسایه، چ بۆ هه‌رێمی كوردستان یان پارێزگاكانی دیكه و بگره ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی عێراق.
پرسیار/ له‌كاتێكدا نرخی نه‌وت به‌رزبووه‌ته‌وه و دوو مانگیش به‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌دا تێپه‌ڕیوه، بۆچی ئه‌و یاسایه ناچێته بواری جێبه‌جێكردن؟
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌مڕۆ له رێگه‌ی لیژنه‌ی داراییه‌وه ئاگادارییه‌كی توندمان داوه‌ته‌وه وه‌زاره‌تی دارایی، له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌زووترین كات یاسای بودجه جێبه‌جێ نه‌كرێت، ئه‌وا ناچارین وه‌زیری دارایی بۆ لێپرسینه‌وه بانگهێشتی په‌رله‌مان بكه‌ین، كه له‌وانه‌یه سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌شی به‌دوادا بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به پشكی هه‌رێمی كوردستان هیچ كێشه‌یه‌كی نییه، نه كێشه‌ی یاسایی ماوه نه كێشه‌ی سیاسی، ته‌نیا ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه كێشه‌ی ته‌كنیكییه، له دانیشتنه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو شتێك بڕاوه‌ته‌وه و هیچ بیانویه‌ك بۆ حكومه‌تی به‌غدا نه‌هێڵراوه‌ته‌وه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی بۆ پابه‌ند بوون به مه‌رجه دیاریكراوه‌كان ده‌ربڕیوه.
پرسیار/ گرژییه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردووی نێوان گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێرشه‌كانی سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز و په‌یوه‌ندی ئه‌و گرژیانه به هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوه‌خته‌ی عێراق تا چه‌ند په‌یوه‌ندییان به خه‌رجنه‌كردنی پشكی هه‌رێم له بودجه هه‌یه؟
به‌شیر حه‌داد جه‌ختی كرده‌وه، له‌وانه‌یه ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو و په‌یوه‌ندییان به هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، تا ڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندییان به جێبه‌جێ نه‌كردنی یاسای بودجه و خه‌رجنه‌كردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی عێراقه‌وه هه‌بێت، به‌ڵام تاسه‌ر نابێت، چونكه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكرێت قوت و مووچه‌ی خه‌ڵك و پڕۆژه‌كان و بازاڕ بكه‌وێته ژێر ره‌حمه‌تی كێشه و ململانێ سیاسییه‌كان.
ئاشكراشیكرد، داوا كراوه سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق و 5 وه‌زیری كابینه‌كه‌ی بانگهێشتی دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان بكرێن و پێویسته حكومه‌ت به‌ڕاشكاوانه بڕیاری خۆی بدات و ده‌بێت ئه‌وه یه‌كلایی بكاته‌وه، كه حكومه‌ته‌كه حكومه‌تی گه‌له و ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێ ده‌كات كه پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كردووه، یانیش ده‌بێت بڵێت: كه ده‌ستم له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و ناتوانم كارنامه‌كه‌م جێبه‌جێ بكه‌م، چونكه ناكرێت تاسه‌ر دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت.
پرسیار/ بیانویه‌كه ته‌نیا جێبه‌جێنه‌كردنی یاسای بودجه‌یه، یانیش ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی میلیشیاكانه كه دوای ده‌ستگیركردنی یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هاتوونه‌ته ئاراوه؟
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جه‌ختیشی كرده‌وه، پرسی بانگهێشتكردنی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ په‌رله‌مان پرسێكی نوێ نییه و به‌ر له‌و گرژییانه ئه‌و داواكارییه هه‌بوو، بانگهێشتكردنه‌كه‌ی له‌به‌ر زۆر شتی دیكه‌یه، له‌وانه‌ش ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی له‌كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كردبوو و تا ئێستا له 20%ی ئه‌و كارنامه‌یه جێبه‌جێ نه‌كراوه، له‌كاتێكدا ساڵێك به‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمیدا تێپه‌ڕیوه، بۆیه كۆی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان گله‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه حكومه‌ت له بواره جیاوازه‌كاندا نه‌یتوانیوه كارنامه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات، له‌وانه‌ش نه‌یتوانیوه به‌شێكی بچووك له‌و گه‌نده‌ڵییه چاره‌سه‌ر بكات، كه له سێكته‌ره جیاوازه‌كاندا هه‌یه، پرسه‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانی، كێشه‌ی كاره‌با، چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، مادده‌كانی ناو فۆڕمی خۆراك و زۆر پرسی دیكه هه‌ن، كه تا ئێستا حكومه‌ت نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ریان بكات، بۆیه بانگهێشتكردنی سه‌رۆك وه‌زیران و 5 وه‌زیری كابینه‌كه‌ی بۆ ئه‌م پرسانه‌یه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به حه‌شدی شه‌عبییه‌وه نییه.
H.B