بەهۆی هێرشێکی پەکەکە 5 پێشمەرگە شەهیدبوون

پەکەکە بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر هێزی پێشمەرگە

پێشمەرگە بریندارەکان بۆ چارەسەر گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک
پێشمەرگە بریندارەکان بۆ چارەسەر گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک

K24 - هەولێر

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستانی24 راگەیاند، چەکدارانی پەکەکە کەمینێکیان بۆ هێزی پێشمەرگە لە نزیک (بەری سیلێ) لە سنووری قەزای ئامێدی داناوە و هێرشیان کردووەنەتە سەر.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، پێشمەرگەکان بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی خەڵکی گوندەکانی ناوچەکە تیمیکیان ناردووە و لە رێگە، پەکەکە بە موشەکێک هێرشی کردووەتە سەر ئۆتۆمۆبێلەکەیان و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

راشیگەیاند، ئەوە یەکەمین هێرشی دوژمنکارانی پەکەکە نییە بۆ سەر پێشمەرگە و داواشیکرد شەڕی پەکەکە و تورکیا لە خاکی کوردستان دووربخرێتەوە و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی نەبنە قوربانی شەڕی ئەوان.

میدیاکانی پەکەکە بە فراوانی هەواڵی هێرشەکەیان بڵاوکردووەتەوە و دانیان بەوەداناوە کە تەقەیان لە هێزی پێشمەرگە کردووە و رایانگەیاندووە "هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و یەکینەکانی ئازادی ژنان (یاژاستار) ئەنجامدراوە".

د. ئەفراسیاب مووسا، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک بە کوردستان24 رایگەیاند: "پێشمەرگە بریندارەکان بۆ چارەسەر گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک".

Fly Erbil Advertisment