رووماڵ

لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له ‌په‌رله‌مانی كوردستان: با پەکەکە و تورکیا شەڕ ببەنەوە ناو خاکی خۆیان

"ئەم هێرشە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین"

پەرلەمانی كوردستان
پەرلەمانی كوردستان

K24 – هەولێر

لەبارەی هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری قەزای ئامێدی، لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له ‌په‌رله‌مانی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە پەکەکە و تورکیا دەکەن، شەڕی خۆیان ببەنەوە ناو خاکی تورکیا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئەم هێرشە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشى لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان دەکەین و داوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. چەندین ساڵە پەکەکە بەبیانووی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چەندینجار رۆڵەی ئەم هەرێمەیان شەهید کردووە، لەلایەکی تر بوونەتە هۆکاری چوڵبوون و وێرانبوونی سەدان گۆندی سنووری هەرێمی کوردستان".

لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له ‌په‌رله‌مانی كوردستان راشیگەیاندووە: "جارێکی تر داوایان لێدەکەین کە شەڕەکەیان ببەنە ناو خاکی تورکیا و نەبنە هۆکاری مەترسی بۆ سەر دەستکەوت و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان. دەبێ رێز لە سنووری هەرێم بگرن و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسییەوەو باخوێنی کورد بەدەستی کورد نەرێژرێت، بۆیە داواكارین كێشەی توركیا و پەكەكە بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێت لە ئەگەری چارەسەر نەبوون لەناو خاكی توركیا كێشەكە یەكلایى بكرێتەوە".

دەقی راگەیەندراوە:...

بەداخەوە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2021/6/5، هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەچیای مەتین کەوتوونەتە بۆسەیەکی پەکەکەو پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (9) پێشمەرگە کە لەهۆبەی ئەندازە بوونەو کاریان هەڵگرتنەوەو پووچەڵکردنەوەی بۆمب بووە، لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لە چیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، هێرشکراوەتەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری باجیرۆ لەوکاتەی ویستوویانە بەرەو ئەو بنکانە بڕۆن کەپێش چوار مانگ لەو ناوچەیە دانرابوون، بەڵام بەداخەوە کەوتوونەتە بۆسەیەکی پەکەکە و پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.

وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئەم هێرشە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشى لەبنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان دەکەین و داوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

چەندین ساڵە پەکەکە بەبیانووی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چەندینجار رۆڵەی ئەم هەرێمەیان شەهید کردووە، لەلایەکی تر بوونەتە هۆکاری چوڵبوون و وێرانبوونی سەدان گۆندی سنووری هەرێمی کوردستان.

بۆیە جارێکی تر داوایان لێدەکەین کە شەڕەکەیان ببەنە ناو خاکی تورکیا و نەبنە هۆکاری مەترسی بۆ سەر دەستکەوت و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان و دەبێ رێز لەسنووری هەرێم بگرن و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسییەوەو باخوێنی کورد بەدەستی کورد نەرێژرێت، بۆیە داواكارین كێشەی توركیاو پەكەكە بەئاشتییانە چارەسەر بكرێت لەئەگەری چارەسەر نەبوون لەناو خاكی توركیا كێشەكە یەكلایى بكرێتەوە.

لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان

5ى حوزه‌یرانی 2021