سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان: پێویستە سنوورێک بۆ ئه‌م رەفتارانەی PKK به‌رامبه‌ر به هه‌رێمى كوردستان دابنرێت
"ئه‌وان به‌رده‌وام بوونه‌ته هۆى دروستکردنی کێشە و هيچ رێزێك له ياساكانى هه‌رێمى كوردستان ناگرن و سهقامگيريى وڵاته‌كه‌مان ده‌خه‌نه به‌ر هه‌ڕه‌شه و مهترسييهوه"

K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سهرهێزی پێشمه‌رگه رایگه‌یاند، به توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه ده‌كه‌ين، كه به‌ره‌به‌يانى ئه‌مڕۆ چه‌كدارانى PKK له ناوچه‌ى مهتينا له سنوورى ئامێدى كرديانه سه‌ر پێشمه‌رگه و له ئه‌نجامدا 5 پێشمه‌رگه شه‌هيد و ژماره‌یه‌کی ديكه‌ش بريندار بوون. پرسه و سه‌ره‌خۆشى له كه‌سوكارى شه‌هيدان ده‌كه‌ين و هاوبه‌شى خهميانين، هيواى زووچاكبوونه بۆ برينداران ده‌خوازين.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دووپاتی كرده‌وه، پێویستە سنوورێک بۆ ئه‌م رەفتارانەی PKK به‌رامبه‌ر به هه‌رێمى كوردستان دابنرێت و به هيچ شێوه‌يه‌ك ناکرێت بەردەوام بن، كه بێ پاساو ماوه‌ى سێ ده‌يه‌يه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى ده‌یكات و بووه‌ته هۆى نه‌هامه‌تیی به‌رده‌وام بۆ هاووڵاتيان و رێگرى له ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ى ژيان بۆ سه‌دان گوند و دێهاتى كوردستان كردووه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا هاتووه: "ئه‌وان به‌رده‌وام بوونه‌ته هۆى دروستکردنی کێشە و هيچ رێزێك له ئيداره و ياساكانى هه‌رێمى كوردستان ناگرن و به‌رده‌وام ئارامى و سهقامگيريى گه‌ل وڵاته‌كه‌مان ده‌خه‌نه به‌ر هه‌ڕه‌شه و مهترسييهوه".
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا داوا له په‌كه‌كه ده‌كات، چیتهر نه‌بێته هۆكاری پشێوی و چه‌كداره‌كانی له سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووربخاته‌وه و و هه‌ر له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه: "دووباره داوا ده‌كه‌ين و هۆشدارى ده‌ده‌ين كه PKK چيتر نه‌بێته هۆكارى ئاڵۆزى و پشێوى، چه‌كدارانى له سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان دوور بخاته‌وه و رێز له قه‌واره و ئيداره و سنووره‌كانى هه‌رێم بگرێت و خاكى هه‌رێمى كوردستان نه‌كاته پێگه‌يه‌ك بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانى دراوسێ و تێكدانى ئارامى و سه‌قامگيرى، حكومه‌تى فيدراڵى عيراقيش ده‌بێ له‌مباره‌يه‌وه ئه‌رك و بهرپرسياريهتيى خۆى جێبه‌جێ بكات".