رێباز بێركۆتی: ئه‌و شوێنانه‌ی په‌كه‌كه ته‌راتێنی تێدا ده‌كه‌ن، شوێنی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان نییه
"پێویسته گوتاری هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك بێت، به‌رامبه‌ر هه‌ر هێزێك بیه‌وێت هێرش بكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان"

K24- هه‌ولێر:
رێباز بێركۆتی، كادیری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌وز له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، په‌كه‌كه زیانی به خه‌ڵكی كوردستان گه‌یاندووه، زیانی ئاوه‌دانی و ماددی زۆری درووستكردووه، ئه‌وه گه‌یشته زیانی خوێنیش، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و شوێنانه‌ی په‌كه‌كه ته‌راتێنی تێدا ده‌كه‌ن، شوێنی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان نییه.
رێباز بێركۆتی گوتی: "ئه‌م حكومه‌ته‌ی له هه‌رێمی كوردستانه هاتووته كایه‌وه، به‌ری خه‌بات و تێكۆشانی خه‌ڵكی كوردستانه و له‌ئه‌نجامی ماندووبوونی 60 ساڵی رابردووی هێزی پێشمه‌رگه و زیندانیانی سیاسیی خه‌ڵكی باشووره، پاراستنی خاكی كوردستانیش ئه‌ركی هه‌موو لایه‌نه‌كانه، سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ ئه‌م 5 تێكهشهره ده‌نوێنین، گیانی خۆیان بۆ كوردستان فیداكرد، داوا له خوای گه‌وره ده‌كه‌ین، كه شیفای برینداره‌كانمان بدات".
گوتیشی: "ئه‌مه‌ی له چه‌ند ساڵی رابردوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت، هه‌تا بڵێی كاری ناجوامێرانه‌یه، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به پێی ده‌ستوور به‌شێكه به دامه‌زراوه‌ی به‌رگری عێراقی، ئه‌و هێزه سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه و فه‌رمییه، پێكهاته‌ی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانه، نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، بۆی هه‌یه له هه‌موو جوگرافیای هه‌رێمی كوردستاندا بسووڕێته‌وه، چالاكی بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌ت له هیچ كه‌سێك وه‌ربگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ناو خاكی خۆیه‌تی".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌وز له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه كرد، بوونی په‌كه‌كه له هه‌رێمی كوردستان، بههانهدانه به هێزی گه‌وه‌ره‌ی وه‌ك ده‌وڵه‌تی توركیا، تا بێته ناو خاكه‌كه‌مان، گونده‌كانمان وێران ببێت و دارستانه‌كانمان بسووتێت، كاولكاری درووست ببێت، ئێمه قه‌یرانی دیكه‌مان هه‌یه، ئه‌و گهلهكۆمهكییهی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، وه‌ك قه‌یرانی سیاسی و ئابووری، لهههمهنكاتدا هێشتا فرمێسكی دایك و خوشكی شه‌هیدانی شه‌ڕی تیرۆر ته‌واو نه‌بووه، ئه‌م هێرشانه‌ی په‌كه‌كه‌شی هاتووتهسهر.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێویسته گوتاری هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك بێت، به‌رامبه‌ر هه‌ر هێزێك بیه‌وێت هێرش بكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له رابردووش‌دا هه‌رێمی كوردستان به پشوودرێژی هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ته‌واوی كوردستان قوربانیمان داوه، پێویسته هاووڵاتیانی كوردستان به سۆزه‌وه سه‌یری بابه‌ته‌كه نه‌كه‌ن، چونكه یه‌كێتی و پارتی كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌كردووه بۆ هه‌موو ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، ئه‌وه ئه‌وانن ره‌وچاوی ئێمه ناكه‌ن، ره‌چاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن، ئێمه له پشوودرێژی له‌گه‌ڵیان به‌ردوام بووین، تا كارگه‌یشته ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه شه‌هید ده‌كه‌ن.
رێباز بێركۆتی ئاشكرای كرد، ده‌بێت هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بزانن، ئه‌مه ته‌نیا شه‌ڕی لایه‌نێكی سیاسی نییه، ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تیی بۆ پاراستنی ناوچه‌كه هه‌یه، ته‌نیا به‌رپرساریه‌تی پارتی نییه، به‌رپرسیاریه‌تی هه‌موومانه، به‌رپرسیاریه‌تی هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، كه پشتگیری له داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
ئاشكرایشی كرد، عێراق هێزی سنووری هه‌یه، پێویسته به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له رووی سه‌ربازی و ئیداری و مێژوویی له‌سه‌ره، تا وه‌ڵام و به‌رگرییه‌كانی له‌به‌رده‌م توركیا و په‌كه‌كه‌ش هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه له هه‌رێمی كوردستان توانای سهبازیمان سنوورداره، به‌ڵام عێراق ده‌وڵه‌ته و توانایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه، پێویست ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی جێبه‌جێ بكات.
رێباز بێركۆتی، روونیكرده‌وه، پارتی كرێكارانی كوردستان هه‌ر خۆیان پێ راسته، پێویسته ئه‌وان ئاوڕ له مێژوو بده‌نه‌وه، ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ببینن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان بیری لێده‌كه‌نه‌وه، یان ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، غه‌درێكی گه‌وره‌یه، ئه‌و شوێنانه‌ی ئه‌وان ته‌راتێنی تێدا ده‌كه‌ن و جموجۆڵی سه‌ربازییان هه‌یه، شوێنی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان نییه، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ئه‌م راستییه ده‌زانێت.
روونیشكرده‌وه، هێزی په‌كه‌كه زیانی به خه‌ڵكی كوردستان گه‌یاندووه، زیانی ماددی و ئاوه‌دانی درووست كردووه، ئه‌وه هاته سه‌ر زیانی خوێنیش، خه‌ڵكی كوردستان و سه‌ركرده‌كانمان به پشوودرێژی هه‌ڵسوكه‌وتیان كردووه، هیوادارم هێشتا پشوویان درێژبێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه نامانه‌وێت بچینه هه‌ڵوێستێكه‌وه، كه شه‌ڕی كورد و كورد بكه‌ین، ئه‌م بابه‌ته له هه‌رێمی كوردستان حه‌ڕام كراوه، ته‌نیا له كاتی بهرگیریكردندا نه‌بێت.
رێباز بێركۆتی جه‌ختی كرده‌وه، په‌كه‌كه ئه‌ركه له‌سه‌ری، رێز له خه‌بات و تێكۆشانی شۆڕشی كوردستان بگرێت، ئه‌ركه له‌سه‌ری، رێز له داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرێت، پێویسته قه‌یران زیاتر نه‌كات بۆ خه‌ڵكی كوردستان، لهههمهنكاتدا ئه‌ركه له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ئه‌م راستییه وه‌كو خۆی ببینێت، نه‌وه‌ك له رووی عاتیفییه‌وه سه‌یری بكه‌ین.
گوتیشی: په‌كه‌كه نابێت چیدیكه غه‌در له خه‌ڵكی كوردستان بكات، غه‌درێكی زۆر له هاووڵاتیانی كوردستان كراوه، گونده‌كانمان وێران بوون، خه‌ڵكمان له‌ده‌ستچوو، پێشمه‌رگه‌مان شه‌هید بوو، هێشتا نه‌مانتوانیوه قه‌ربووی هیچ یه‌كێك له‌و خه‌ڵكانه‌مان بكه‌ینه‌وه.
د.ی