جوتیار عادل: ده‌بێت ئه‌و دۆخه‌ی په‌كه‌كه دروستی كردووه كۆتایی پێ بێت
پێویسته حكومه‌تی فیدراڵی عێراق كاری جددی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له خاكی هه‌رێمی كوردستان بكات

K24- هه‌ولێر:
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستاش هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی سه‌روه‌ری خاكی عێراقدایه، بۆیه پێویسته حكومه‌تی فیدراڵی عێراق كاری جددی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له خاكی هه‌رێمی كوردستان بكات و گوتیشی: سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه، به‌وه‌ی كه ئه‌مه به‌شێكه له به‌رپرسیارێتی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییانی ناوچه سنووریه‌كانی بكرێت، به‌تایبه‌ت له سنووری پارێزگای دهۆك.
ئه‌م گوتانه‌ی جوتیار عادل له میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هاتوون و گوتی: په‌كه‌كه بووه‌ته هۆی شه‌هیدكردنی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه، كه نازانرێت به چ مافێك ئه‌و ره‌وایه‌تییه‌ی به‌خۆ داوه ئه‌و ده‌ستدرێژییه بكات و له‌ڕێگه‌ی دانانی بازگه و گومرگ و وه‌رگرتنی باج و سه‌رانه له خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان داهاتی خه‌ڵكی هه‌رێم لێیان وه‌رده‌گرێت و كاری قاچاغچییه‌تی ده‌كات.
دووپاتیشیكرده‌وه، ده‌بێت ئه‌م دۆخه كۆتایی پێ بێت و هیوادارین له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵوێستێكی گونجاو له حكومه‌تی عێراق ببینین.
سه‌باره‌ت به پرسی بودجه و ناردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه، جوتیار عادل گوتی: دوای ئه‌و زنجیره سه‌ردانه‌ی شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه دوو دۆسیه‌ی گرنگ بۆ به‌غدا بنێردرێت، یه‌كێكیان په‌یوه‌سته به خه‌رجییه‌كانی ئه‌و نه‌وته‌ی له هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌م ده‌هێنرێت، ئه‌وی دیكه‌شیان تایبه‌ته به داهاته نانه‌وتییه فیدراڵییه‌كان.
جه‌ختیشی كرده‌وه، من له‌و باوه‌ڕه‌دام، له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌م بابه‌ته بچێته بواری جێبه‌جێكردن، كه تا ئێستا به‌شێكی جێبه‌جێ كراوه و هیوادارین له كاتێكی نزیكدا ئه‌و شایسته داراییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراقدا بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكراون، بنێردرێت.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی دواكه‌وتنی مووچه‌ش بۆ مانگه‌كانی جوتیار عادل گوتی: پێشتریش ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و كارنامه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه به‌تایبه‌ت پرسی داهات، گوتوومانه كه په‌یوه‌سته به بابه‌تی چاكسازی و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان. ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارمان داوه، هه‌ر 30 رۆژ جارێك مووچه دابه‌ش بكه‌ین، ئه‌و گه‌رفته‌ش كه له‌م مانگه‌دا روویدا، حاڵه‌تێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو و هیواخوازین ئه‌م حاڵه‌ته دووباره نه‌بێته‌وه، هه‌موو ئه‌و داهاته‌ی له‌ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه، بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت، باشكردنی بژێوی خه‌ڵك له ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و كاری له‌پێشینه‌مان ئه‌وه‌یه، مووچه‌ی خه‌ڵك له كاتی دیاریكراوی خۆیدا بدرێت.
سه‌باره‌ت به بڕیاری ناردنی هێزێكی هاوبه‌ش بۆ چاودیریكردنی خاڵه سنوورییه‌كان و رێگرییه‌كانی به‌رده‌م چوونی ئه‌و هێزانه بۆ ده‌روازه سنوورییه‌كان، جوتیار عادل گوتی: ئاماجی حكومه‌ت له پێكهێنانی ئه‌و هێزه، بۆ جێبه‌جێكردنی یاسایه له خاڵه سنوورییه‌كان به‌بێ جیاوازی و دووپاتیكرده‌وه، هه‌ندێك پێشێلكاری یاسایی له خاڵه سنوورییه‌كان هه‌ن، بۆیه ده‌بێت یاسا وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت و به هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماده‌باشی بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا له خاڵه سنوورییه‌كان نیشان دراوه، ئه‌مه‌ش بۆ رێگریكردنه له‌و پێشێلكاریانه و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌نگاوی باش نراوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان زیاتر پاڵپشتی حكومه‌ت بن.
تایبه‌ت به ئاگاداركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له رووداوی هێرشه‌كه‌ی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، جوتیار عادل ئاماژه‌ی به راگه‌یه‌ندراوه‌كانی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیاش له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه بێنه سه‌ر خه‌ت و له رێگه‌ی كونسۆڵخانه‌كانیانه‌وه ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌یان كردووه، ئه‌مه‌ش په‌یامێكی ناڕاسته‌وخۆیه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، كه ئه‌و هێرشانه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌رێم و ناوچه‌كه به‌گشتی هه‌یه.
H.B