په‌تایه‌كی ترسناك.. زنجیره‌ی "ده‌لتا"ی كۆرۆنا به‌خیرایی له چین ته‌شه‌نه ده‌كات
ده‌سه‌ڵاتدارانی شاری گوانزۆ: په‌تاكه زۆر مه‌ترسیداره و پیش‌تر له‌م شێوه‌یه نه‌بووه.. پێویسته زۆر به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخی ئه‌و زنجیره‌یه‌ی كۆرۆنا بكه‌ن

K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی پێگه‌ی "news.com.au" كه ئه‌مڕۆ بڵاویكردووه‌ته‌وه، ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه شاری گوانزۆی باشووری چین رووبه‌ڕووی شه‌پۆلێكی مه‌ترسیداری زنجیره‌ی "ده‌لتا"ی كۆرۆنا بووه‌ته‌وه.
راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه داوه، ئه‌و زنجیره "مه‌ترسیداره"ی كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌ك ته‌شه‌نه ده‌كات، كه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆناوه تا ئێستا ئه‌م خێراییه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه.
وه‌ك ئاشكرایكردووه، یه‌كه‌م حاڵه‌تی ئه‌و زنجیره‌یه له 21ی ئایار/ مایسی ئه‌مساڵ له شاری گوانزۆی چین تۆمار كراوه، كه ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 75 ساڵی بوو و دوای سه‌ردانیكردنی بۆ چێشتحانهیهك تووشبوونی پشتڕاستكرایه‌وه، كه به‌هۆی ئه‌و په‌تایه‌وه به هه‌زاران كه‌س له وڵاتی هیندستانیش گیانیان له‌ده‌ستداوه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و پێگه ئه‌لیكترۆنییه، له‌ماوه‌ی 3 هه‌فته‌ی رابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی گوانزۆ 157 حاڵه‌تی ئه‌و زنجیره‌یان به تێكڕای 10 حاڵه‌ت له هه‌ر رۆژێكدا تۆماركردووه.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌ش، ده‌سه‌ڵاتدانی شاره‌كه هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی پشكنینیان بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی ئه‌و شاره ده‌ستپێكردووه، كه ژماره‌ی دانیشتوانی له 18 ملیۆن و 700 هه‌زار كه‌س پێكهاتووه و به‌شێك له تووشبووان بۆ جاری دووه‌مه تووشی ئه‌و په‌تایه ده‌بنه‌وه.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و زنجیره‌ی كۆرۆنا له‌و شاره له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودایه، كه ژماره‌یه‌ك خواردنگه له‌خۆ ده‌گرێت.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، زانگ زۆبین، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كان له گوانزۆ گوتی: "ئه‌و په‌تایه‌ی ئێستا رووبه‌ڕووی شاره‌كه‌یان بووه‌ته‌وه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێشتر له‌مشێوه‌یه نه‌بووه و ده‌بێت به‌رێكاری زۆر توند و جێبه‌جێكردنی خۆپارێزی زۆره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڤایرۆسه‌دا بكه‌ن".
جێگای ئاماژه‌یه، له به‌هاری ئه‌مساڵه‌وه زنجیره‌ی "ده‌لتا"ی كۆرۆنا زۆر به توندی و خێرایی له وڵاتی هیندستان سه‌ری هه‌ڵدا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌گویره‌ی تویژینه‌وه‌ی زانایان، ئه‌م زنجیره‌یه له ئه‌نجامی گۆڕانێكی جینی له بوهێڵه‌كانی "DNA"ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه ده‌ركه‌وتووه و پله‌ی مه‌ترسیداری زۆر له نه‌وه كۆنه‌كه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه مه‌ترسیدارتره و له تهشهنهسهندنیش زۆر خێراتره.
له‌كاتێكیدا به‌رنامه‌ی هه‌ڵمه‌تی پێدانی ڤاكسین به هاووڵاتییان له وڵاتی به‌ریتانیا به سه‌ركه‌وتووترین به‌رنامه له‌سه‌ر ئاستی جیهان داده‌نرێت، به‌ڵام زنجیره‌ی "ده‌لتا"ی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ش هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر رێژه‌یه‌كی تووشبووانی ئه‌و په‌تایه‌دا سه‌پاندووه.
له راپۆرتێكیشدا رۆژنامه‌ی "نیۆیۆرك تایمز" جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، داكشانی ئاماری كۆرۆنا له وڵاتی به‌ریتانیا له‌ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی هه‌موو وڵاتانی جیهانه، به‌تایبه‌ت له ماوه‌ی 3 هه‌فته‌ی رابردوودا، كه تێكڕای رێژه‌ی مردنی رۆژانه به‌هۆی ئه‌و په‌تایه له‌و وڵاته، گه‌یشتووه‌ته خوارتر له 10 حاڵه‌تی رۆژانه، له‌كاتێكدا له كۆتایی مانگی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری ئه‌مسال، تێكڕای مردنی رۆژانه به كۆرۆنا له به‌ریتانیا گه‌یشتبووه هه‌زار و 200 كه‌س.
H.B