چین: ئه‌و رۆژانه به‌سه‌رچوون ته‌نیا 7 وڵات بڕیار ده‌ربكات
ئه‌مڕۆ سێیه‌م رۆژ و دوا رۆژى لوتكه‌ى "گرووپی 7"ـه، پێشبینی ده‌كرێت به‌یاننامه‌ى كۆتایی لوتكه‌كه ده‌ربچێت، كه تیشك بخاته‌سه‌ر ژینگه و كۆرۆنا و چین

K24 - هه‌ولێر:
گوته‌بێژى باڵیۆزخانه‌ى چین له له‌نده‌ن هۆشداری دا، له‌باره‌ى سنوورداركردنى بڕیار و چاره‌نووسی جیهان له‌نێوان 7 وڵات، راشیگه‌یاند، ئه‌و رۆژانه به‌سه‌رچوون ته‌نیا 7 وڵات بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی گۆى زه‌وى بدات.
گوتیشى: پێمان وایه هه‌ر وڵاتێك له جیهان، گه‌وره بێت یان بچووك، هه‌ژار بن یان ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌هێز بن یان لاواز، هه‌مووى یه‌كسانه بۆ ده‌ركردنى بڕیارێكى باش و دروست و ژیرانه، ده‌بێت گوێ له را و بۆچوونى هه‌موو وڵاتێك بگیرێت.
كه‌ناڵی "بی بی سی"ی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه، "بایدن" ده‌یه‌وێت جیهانى دواى كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌ك نیشان بدات، كه جه‌نگ و ناكۆكى له‌نێوان هێزى "دیموكراتی جیهانى و رژێمه داپڵوسێنه‌ره‌كان" بوونى هه‌یه.
وڵاتانى "گرووپی 7"، له باشوورى به‌ریتانیا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ى چین ده‌كه‌ن، كه تواناى سه‌ربازى ئه‌و وڵاته به ئاستێك به‌رزبووه‌ته‌وه، له ماوه‌ى 40 ساڵى رابردوودا له رووى سه‌ربازییه‌وه پێشكه‌وتنى واى به‌خۆوه نه‌بینیووه، بۆچوونه‌كانی هه‌ر حه‌وت وڵاتیش له‌باره‌ى چین یه‌كگرتوو نییه، ئایا چین "هاوبه‌شیانه یان ركابه‌ر".
سه‌رچاوه‌یه‌ك له شاندى دیپلۆماسی كه‌نه‌دا رایگه‌یاند، جه‌ستن ترۆدۆى سه‌رۆكى وڵاته‌كه‌یان، سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌ر "گرووپی 7"ی كردووه، له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى كه "چین" له جیهان به‌رپاى كردووه.
"جۆ بایدن"، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكاش رایگه‌یاند، ده‌بێت پلانێكى تۆكمه دابڕ‌ێژین بۆ دووباره هه‌ڵسانه‌وه‌ى جیهان و به‌مه‌رجێك رێگه‌چاره‌كانى چین به‌لاوه‌بنرێن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ش چین ئه‌و هه‌نگاوانه ره‌تده‌كاته‌وه، كه هۆكارن بۆ وه‌ستاندنى پێشكه‌وتنه‌كانى چین، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، زۆرێك له‌و وڵاته زلهێزانه به شێوه‌ی سه‌رده‌می ئیمراتۆریانه بیر ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌و سه‌ردمه‌ش به‌سه‌رچوو، چین له گۆڕه‌پانى جیهان به‌لاوه‌بنرێت.
ئه‌مڕۆ سێیه‌م رۆژ و دوا رۆژى لوتكه‌ى "گرووپی 7"ـه له كۆڕۆنواڵ له به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه تێیدا سه‌ركرده‌كانى هه‌ریه‌ك له وڵاتانى "ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و كه‌نه‌دا" تێیدا به‌شدارن، به ئاماده‌بوونى یه‌كێتى ئه‌وروپا، سكرتێری گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى، بانكى نێوده‌وڵه‌تى، سندووقى نه‌ختێنه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، رێكخراوى بازرگانى جیهانى و رێكخراوى هاریكارى ئابوورى جیهانى.
پێشبینی ده‌كرێت به‌یاننامه‌ى كۆتایی لوتكه‌كه ده‌ربچێت، كه تیشك بخاته‌سه‌ر ژینگه، كۆرۆنا و چین.
ك.ب