ڤیدیۆ.. کوردستان24 حاڵەتێکی مەترسیداری ئاوفرۆشتن لە سلێمانی ئاشکرا دەکات

ئاوی ئاوه‌ڕۆی ماڵانی كۆكرده‌ووه‌ته‌وه‌ و به‌ ئاوی پاك به‌ماڵانی فرۆشتووه‌.. تۆمه‌تباره‌كه‌ هێشتا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌

K24- سلێمانی:

کوردستان24 حاڵەتێکی مەترسیداری ئاوفرۆشتن لە سلێمانی ئاشکرا دەکات، دیاردەکەش ئەوەیە کە ھاووڵاتییەك لە گەڕەکی قلیاسان ئاوی ئاوه‌ڕۆی ماڵانی له‌ حه‌وزێكدا کۆکردووه‌ته‌وه و دواتر لە رێگەی تەنکەرەوە به‌ ئاوی پاك به‌ ماڵان فرۆشتووه‌ته‌وه‌، ئاری عوسمان، سەرۆکی بەشی زیادەڕۆییش لە شارەوانی سلێمانی وردەکاری ئەم کارە مەترسیدارە بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات.

به‌گوته‌ی سەرۆکی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی، "دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵیان پێگه‌یشتووه‌ له‌سه‌ر حاڵه‌تێكی له‌مشێوه‌یه‌، سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌یان كردووه‌ كه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ تانكه‌ره‌كه‌ی لێ پڕ ده‌كرد" و گوتیشی: "یه‌كه‌مجار ئه‌سته‌م  بوو تا ئه‌و شوێنه‌یان دۆزییه‌وه‌، سه‌ره‌تاش چاڵه‌كه‌یان بینی‌، كاتێك سه‌یریان كرد، ئاوێكی زۆر پیس بووه‌ و بۆنێكی ناخۆشی لێ ده‌هات و دیار بوو كه‌ ئاوی ئاوه‌ڕۆی ماڵانه‌. دواتر ئه‌و بۆریه‌یان دۆزیه‌وه‌ كه‌ تانكه‌ره‌كه‌ی پێ پڕ ده‌كرد.

هه‌روه‌ها گوتی: "دوای ئه‌وه‌ی  به‌دوای سه‌رچاوه‌كه‌دا گه‌ڕاین، بینیمان كه‌ مه‌نهولێكی ئاوه‌ڕۆیه‌كه‌ شكێنراوه‌، به‌ڵام دیاربوو كه‌ سوودیان له‌و مه‌نهوله‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، دواتر زیاتر رۆیشتین و سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌مان له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌رچنار دۆزییه‌وه‌".

ئەو ئاوەی بە ماڵان فرۆشراوە نەك هه‌ر بۆ خواردنەوە نابێت، به‌ڵكو بۆ ئاودانی باخ و ئۆتۆمبێل شۆردنیش ناشێت، له‌وباره‌شه‌وه‌ لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی مەترسی بەکارھێنانی ئەو جۆرە ئاوانەی بۆ كوردستان24 روون كرده‌وه‌ و گوتی: به‌كارهێنانه‌وه‌ی ئاوی قورس كه‌ پێی ده‌گوترێت "ئاوی پاشه‌ڕۆ"، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ته‌ندروستی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و ئاوانه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بوونی "ئیكۆلای و كۆلیفۆرم"ـن، له‌كاتی به‌كارهێنانیان ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت پاڵاوتنیشیان بۆ كرابێت، ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی گواستنه‌وه‌ی چه‌ندین نه‌خۆشی.

جێگای ئاماژه‌یه‌، ئەو کەسەی کە ئەو کارەی کردووە، تا ئێستا دەسگیر نەکراوە و ھەوڵەکان چڕ کراونەتەوە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە، ھەموو کاتیش بە شەوان ئەو کارەی کردووە، بۆ ئەوەی ھیچ کەس پێی نەزانێت و دیاریش نیە ئاخۆ چەند ماڵ لەم کاته‌ی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوون و رشانەوە بە ئاوی خواردنەوە، ئاوی ئەو تەنکەرەیان بەکار ھێنابێت.

H.B

Fly Erbil Advertisment