به‌م نزیكانه‌ حكومه‌تی هه‌رێم راپۆرتی سێیه‌می چاكسازی ده‌نێرێته‌ په‌رله‌مان

"خواستێكی به‌هێز هەیە، بۆ ئەوەی یاسای چاکسازی وەك خۆی جێبەجێ بکرێت، هه‌رچه‌ند رێگریش هه‌ن، به‌ڵام نه‌بوونه‌ته‌ هۆی راگرتنی هه‌نگاوه‌كان"

K24- هه‌ولێر:

لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینی پلە باڵاکان تەواو بووە، ئێستا پێداچوونەوە بە خانەنشینی پەرلەمانتاران دەکرێـت و دەنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا خانەنشینیەکانیان رێك بخرێن. وەزیری داراییش بە لیژنەکەی راگەیاندووە، خواستێكی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی یاسای چاکسازی وەك خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام رێگری سیاسی هەن بە تایبەت لەناو وەزارەتی پێشمەرگە. چاوەرێش دەکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی سێیەمی یاسای چاکسازی بنێرێتە پەرلەمان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ليزا فه‌له‌كه‌دین، ئەندامی لیژنەی دارایی تایبه‌ت به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، بەم نزیکانە راپۆرتی سێیەمی یاسای چاکسازی دەگاتە پەرلەمان.

له‌كاتێكیشدا جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی چوار کێشەی سەرەکی لە بەردەمە، بەڵام وه‌ك به‌ڵێن ئیسماعیل، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی قه‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئەم كێشانه‌ نەبوونەتە هۆی راگرتنی کارەکانی، ئێستا پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینی پلە باڵاکان تەواو بووە، تەنها لیستی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولەکانی دیکە ماوە، کە بەم نزیکانە بڕیار لەسەر پێداچوونەوە بە لیستەکانیان دەدرێت و وەزارەتی داراییش پەسەندی دەکات.

یەکێك لە ماددەکانی یاسای چاکسازی پێداچوونەوەیە بە لیستی مووچەخۆانی ئاسایی تا پلە باڵاکان، بەهۆی ئاستەنگە سیاسیەکان جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی سستە، بەڵام ئیرادەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی زۆر بەهێزە و ئەو ئاستەنگە سیاسیانە نەبوونەتە هۆی راگرتنی هه‌نگاوه‌كانی چاکسازی.

H.B

Fly Erbil Advertisment