پڕۆژەی رێگای میراوە تەواو دەکرێت

گرفتی هاتووچۆی گەشتیاران چارەسەر دەبێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

رێگای میراوە لە سنووری شەقڵاوە فراوان دەکرێت، کە رێگەیەکی ستراتیژییە و بە تەواوبوونی قەرەباڵغی شەقامەکە کەم دەبێتەوە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژە بەوەدەدات، ئەگەر بودجەی پێویست دابینبکرێت ئەوا کارەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا تەواو دەبێت.

تەواو بوونی پڕۆژەی رێگەی میراوە، دەبێتە ھۆکارێکی گرنگ بۆ ھاتووچۆی بازرگانی لەنێوان دەڤەری سۆران و ھەولێر.

ئەندازیار زوبێر محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی گوت: "پڕۆژەکەمان دەستپێکردووە، ئەگەر پارەمان بۆ خەرج بکرێت دەتوانین لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکان تەواو بکەین".

رێگای میراوە، ھاتووچۆی نێوان شەقڵاوە - ھەولێر و سۆران -ھەولێر، ئاسان دەکات و قەرەباڵغی گەشتیارانیش لەسەر ئەو شەقامە کەمدەکاتەوە لە دوای تەواوو بونیش پێویست ناکات شۆفێرا رێگای  ناو سەنتەری شەقڵاوە بەکار بھێنن.

عەقید ھیوا محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی قەزاکانی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "بە تەواوبوونی پڕۆژەکە گەشتیاران کە روو دەکەنە شەقڵاوە و دەڤەری سۆران پێویست ناکات بێنەوە ناو شەقڵاوە، دەتوانین بڵێین 70٪ قەرەباڵغی کەمدەکاتەوە".

پڕۆژەکە شەقامی میراوە - کۆڕێ و میراوە- شەقڵاوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمە جگە لەوەی رێگای زیاتر لە 10 گوندی ناوچەکە پێکدەبەستێتەوە. رێگاکە لە کۆتای کۆڕێ دەستپێدەکات بە تونێلی سۆرکدا تێدەپەڕێت و تا کۆتایی شەقڵاوە و دەچێتەوە سەر دوو سایدی سۆران- ھەولێر. تێچووی پڕۆژەکە 68 ملیۆن دینارە و لەلایەن پارێزگای ھەولێرەوە دابینکراوە و بەڕێوبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی ھەولێر جێبەجێی دەکات.