رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئێران به ئه‌نجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی تۆمه‌تبار ده‌كات
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی داوا ده‌كات لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ره‌ئیسی بكرێت

K24- هه‌ولێر:
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی داوا ده‌كات، لێپرسینه‌وه‌ی دادگایی له‌گه‌ڵ ئیبرائیم ره‌ئیسی، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئێران بكرێت، به تۆمه‌تی تێوه‌گلانی له تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی.
راسته‌وخۆ دوای راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی ئیبرائیم ره‌ئیسی، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئێران‌دا، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌نیاس كالامار، ئه‌مینداری گشتیی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی گوتی: سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئێران له تاوانی كوشتن و رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی مه‌به‌ستداردا تێوه‌گلاوه و دووپاتیكرده‌وه، هه‌ڵبژاردنی ره‌ئیسی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئێران مانای رزگاربوونیه‌تی له سزای یاسایی له ئێران.
كالامار ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له ساڵی 2018 رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی ره‌ئیسیی وه‌ك ئه‌ندامێكی كارا له "لیژنه‌ی مردن" پشتڕاست كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌و لیژنه‌یه به‌رپرسه له موماره‌سه‌كردنی شێوازه‌كانی بێسه‌روشوێنكردنی مه‌به‌ستدار و له‌سێداره‌دان له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسا ده‌رهه‌ق به هه‌زاران به‌رهه‌ڵستكاری سیاسی له هه‌ردوو گرتووخانه‌ی ئیڤین و كۆههردهشت له نزیك تاران له ساڵی 1988.
كالامار له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا دووپاتیكرده‌وه، ره‌ئیسی كه سیفه‌تی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له ئێران هه‌یه، ده‌ستی له‌پش هه‌موو پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ بووه له ئێران، هه‌ر له ده‌ستگیركردنی سه‌دان كه‌س له به‌رهه‌ڵستكارانی سیاسی بگره تا ده‌گاته داكۆكیكاران له مافه‌كانی مرۆڤ و نوێنه‌رانی كه‌مینه سزادراوه‌كانی ئه‌و وڵاته.
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیارێتی شاردنه‌وه و په‌رده‌پۆشكردنی پێشێلكاری و تاوانه‌كانی به‌رپرسانی حكومی و ئه‌منییه‌كانی ئێرانی خستووه‌ته ئه‌ستۆی ره‌ئیسی، له‌وانه‌ش: كوشتنی سه‌دان كه‌س كه له‌ناویان ئافره‌ت و منداڵ هه‌بوون و هه‌روه‌ها ده‌ستگیركردنی هه‌زاران كه‌سی دیكه، وێڕای بێسه‌روشوێنكردنی مه‌به‌ستدار و ئه‌شكه‌نجه‌دان و پیشێلكارییه‌كانی دیكه، ده‌رهه‌ق به خۆپیسانده‌رانی خۆپیشاندانه‌كانی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2019.
له به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتیی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیدا ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، هه‌ڵبژاردنی ره‌ئیسی له دۆخێكدایه، كه "كه‌شوهه‌وایه‌كی كۆمه‌ڵكوژی" له ئێران له‌ئارادایه و داوای كرد، لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ره‌ئیسی بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌ی موماره‌سه‌ی كاری دادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌كه‌ن، به‌رامبه‌ر "ئه‌و تاوانانه‌ی پێشوو و ئێستای ره‌ئیسی ده‌رهه‌ق به یاسای نێوده‌وڵه‌تی".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بانگه‌وازێكی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی مافی كرۆڤی سه‌ر به رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد و دووپاتیكرده‌وه، دۆخی ئێستا له هه‌ر كاتێكی دیكه زیاتر ئه‌وه ده‌خوازێت، كه رێكاری گه‌وهه‌ری به‌رامبه‌ر "راكردن له سزا" له ئێران بگیرێته‌به‌ر، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی كه په‌یوه‌سته به دیاریكردنی میكانیزمێكی بێلایه‌نانه بۆ شرۆڤه‌كردنی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی مه‌ترسیدارترین تاوانه‌كانی رابردوو و ئێستا له ئێران له دژی یاسای نێوده‌وڵه‌تی روون ده‌كه‌نه‌وه، هه‌وره‌ها له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی دادگایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
H.B