ھاوپەیمان ھاوكاری ھێزە عێراقییەكانن لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی فەللوجە
"فڕۆكەكانی ھاوپەیمان زیاتر لە 30 بارەگای داعشیان لە فەللوجە بۆردومان كردووە"

K24 - ھەولێر
گووتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشكرای كرد، فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی فەللوجە و پێشڕەوییەکاندا ھاوكاری ھێزە عێراقیەكان دەكەن و فڕۆكەكانیان چەندین بنكە و بارەگای داعشیان لە فەللوجە بۆردومان كردووە.
ستیڤ وۆرن، گووتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا زیاتر لە 30 بنكە و بارەگای داعشیان لە فەللوجە بۆردومان کردووە، هەروەها زیاتر لە 4 ھەزار چەکداری عەشایرە سوننەکانی پارێزگای ئەنباریش بەشدارن.
لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی موسڵ، ستیڤ وۆڕن ئاشکرای کرد کە رەزامەندی وەرگیراوە بە بەشداریکردنی هەلیکۆپتەری جۆری ئەپاچی لە شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی رەتبە لە پارێزگای ئەنبار، ستیڤ وۆڕن گوتی: "چەکدارانی داعش لە رەتبە جلی ئافرەتانیان پۆشیووە و هەڵاتوون".
ستیڤ وۆڕن، رایدەگەیەنێت، لەسەرەتایی شەڕی داعشەوە، ملیارێك و 600 ملیۆن دۆلار وەك ھاوكاری بە حکوومەتی عێراق دراوە.