پەرلەمانی سوید بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە سەرۆک وەزیرانی ئه‌و وڵاته‌ سەندەوە

به‌هۆی كرێی خانوو و باڵه‌خانه‌كانه‌

"ستێڤان لۆڤێن" سەرۆک وەزیرانی سوید
"ستێڤان لۆڤێن" سەرۆک وەزیرانی سوید

K24 - ئەوروپا:

پەرلەمانی سوید لە دانیشتنێکدا ئەمڕۆ دووشەممە 21ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021 بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە "ستێڤان لۆڤێن" سەرۆک وەزیران سەندەوە. 181 ده‌نگ لەگەڵ لێسەندنەوەی ئەم متمانەیە بوون و 109 کەسیش لەگەڵ مانەوەی لۆڤێن بوون و 51 دەنگیش بێلایەن بوون.

ھۆکاری ئەم کێشەیە بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە، کە پارتی چەپی سوید داوای لە حکومەت کردووە، لە بڕیاری سەربەستکردنی داوای کرێی خانوو پاشگەز بێتەوە، کە پێشتر رێنمایی تایبەت هەبوو بۆ بەکرێدانی خانوو  و باڵه‌خانه‌ لەو وڵاتە، ماوەیەکە پارتی چەپی سوید و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن داوای لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیران و ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت دەكه‌ن، بۆیە ئەمڕۆ پارتی چەپ بە پشتیوانی دیموکراتەکانی سوید و مۆدراتەکان و کریستیانە دیموکراتەکان متمانەیان لە لۆڤێن سەندەوە.

لەمرۆوه‌ دوو بژارده‌ لەبەردەم "لۆڤێن"دا ھەیە، یان سێشەممەی داھاتوو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رابگەیەنێت، یان بڕیاری راگەیاندنی ھەڵبژاردنێکی نوێ بدات.

ستێڤان لۆڤێن، لە ساڵی 1957 لە سوید لە دایکبووە و لە 2014ـه‌وە وەک سەرۆک وەزیران سوید کار دەکات.

Fly Erbil Advertisment