دهۆك لە پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بە هاووڵاتییان لە پلەی یەکەمە

"لە دهۆک 56 هەزار ژەم ڤاکسین بە هاووڵاتییان دراوە"

K24 – دهۆک

پارێزگای دهۆک لە پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بە هاووڵاتییان لە پلەی یەکەم دێت، تەندروستی پارێزگاکەش رایدەگەیەنێت، ئامانجیانە تا کۆتایی ئەمساڵ 250 هەزار کەس لە دهۆک ڤاکسین وەربگرێت. وەزیری تەندروستیش دەڵێ، هەوڵەکانیان بۆ هێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەوامە و بە گوێری رێنماییەکانی تەندروستی جیهانیش مامەڵە لەگەڵ ڤاکسین دەکەن.

لە 28ی ئاداری 2021، پڕۆسەی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بە هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. لە سنووری پارێزگای دهۆک 36ی بنکەی تەندروستی بۆ پێدانی ڤاکسین تەرخان کراون، جگە لە رۆژانی هەینی هەموو رۆژانی دیکە لەو بنکانە ڤاکسین بە هاووڵاتییان دەدرێت. لە ریزبەندی وەرگرتنی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان دهۆک لە پلەی یەکەم دایە.

د. لۆما حازم، بەرپرسی بەشی پڕۆگرامی ڤاکسینی کۆرۆنا لە تەندروستی دهۆک بە کوردستان24ی گوت: "دەمانەوێت ئەمساڵ دوو ژەمی ڤاکسین بدڕیت بە 250 هەزار کەس لە سنووری دهۆک، کە تائێستا 56 هەزار ژەم ڤاکسین بە هاووڵاتییان دراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان لێدراوە 38 هەزار کەسە، لەو ژمارەیە 17 هەزاریان دوو ژەم ڤاکسینیان وەرگرتووە".

هەر پەیوەست بە هەڵمەتی پێدانی ڤاکسین د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا سێ جۆر ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەردەستە  و لە چوارچێوەی بەرنامەی نیشتمانی عێراق، هەفتانە ڤاکسین دێتە کوردستان، تائێستا ژمارەکە لە ئاست خواستی ئێمە نییە، بەڵام لە ئایندەدا ژمارەی سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین و ڤاکسین زیاد دەکرێت".

Fly Erbil Advertisment