جەعفەر شێخ مستەفا وردەکاری رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی سلێمانی باس دەکات

"هه‌ندێكجار له‌ رێگه‌ی هه‌ڵه‌ی براده‌رێكه‌وه‌، رووداوی ناخۆش رووده‌دات"

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم

K24 - هه‌ولێر:

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی شاری سلێمانی، كه گرژییه‌ك‌ له‌نێوان پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ روویداوه‌، به‌هۆی لێكتێگه‌یشتن بووه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد لێكتێگه‌یشتنێك له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م درووست بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ كچه‌كه‌م به‌ته‌نیا بووه‌ و هیچ پاسه‌وانێكی له‌گه‌ڵ نه‌بووه‌، به‌ڵام دواتر گرژییه‌كه‌ درووست بووه‌.

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا گوتی: "له‌ رووداوی شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سلێمانی، كه‌ ژماره‌یه‌ك برینداری لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی لێكتێگه‌یشتنه‌وه‌ بووه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ی ده‌كرێت و دوای لێكۆڵینه‌وه‌ش، ورده‌كارییه‌كان ده‌خرێنه‌ڕوو".

له‌باره‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی‌ كچێكی "جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا" هۆكاری ته‌قه‌كردنه‌كه‌ بووبێت، گوتیشی: "كچه‌كه‌م منداڵێكی 6 مانگه‌ی له‌گه‌ڵ بووه‌، هه‌ر خۆیشی شوفێری كردووه‌، هیچ پاسه‌وانێكیشی له‌گه‌ڵ نه‌بووه‌، نازانم چ شتێك روویداوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، دوو سێ پێشمه‌رگه‌ چوونه‌ته‌ و ئه‌وێ، ده‌توانم بڵێنم چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ كراوه‌، به‌ڵام له‌ لێكتێگه‌یشتنێك روویداوه‌ و ته‌قه‌ كراوه‌، به‌داخه‌وه‌ بریندار هه‌بووه‌".

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هه‌موو رووداوێك گه‌وره‌ بێت یان بچووك، ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رووداوه‌كه‌ بچووكیش بێت پێویسته‌ رێگری لێبكرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و رووداوانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایش و ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكجار له‌ رێگه‌ی هه‌ڵه‌ی براده‌رێكه‌وه‌، جا چ لایه‌نێكه‌وه‌ بێت، رووداوێكی ناخۆش رووده‌دات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و كێشه‌یه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا ده‌كرێت، كێشه‌كه‌ له‌نێوان ئاسایش و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌یه‌، كێشه‌كه‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌می دادگا و نابێت بخرێته‌ قاڵبی عه‌شایه‌ری و كه‌سی، به‌ڵكو‌ ده‌بێت یاسا ئه‌مه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

د.ی