پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە دەکات

شاندێکی حکومەت بەشداری کۆبوونەوەکە دەبێت و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران و خەڵک دەدەنەوە

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف

K24 – هەولێر

سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆ کردنە لەسەر پرسی مووچە و داهاتی دەروازە سنوورییەکان. شاندێکی حکومەت بەشداری کۆبوونەوەکە دەبێت و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران و خەڵک لەو بارەوە دەدەنەوە.

مونا قاوه‌چی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "مانگێک پێش ئێستا ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بە دوو یاداشت داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانیان کرد لەبارەی پرسی مووچە، یەکێک لە یاداشتەکان داوایان کردووە دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار بێت واتا حکومەت، بۆیە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێم کە پێکدێن لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و دارا رەشید وەزیری پلاندانانی و  ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەشداری کۆبوونەوەکە دەبن، لەسەر پرسی مووچە و داهاتی خاڵە سنوورییەکان وەڵامی پەرلەمانتاران و خەڵک دەدەنەوە، هۆکارەکان دەخەنەڕوو بۆچی مووچە بەمشێوەیە دابەش دەکرێت و تاکەی بەردەوام دەبێت، هەروەها گفتوگۆ لەسەر قۆناغەکانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەکرێت، هاوکات باس لە پڕۆسەی چاکسازی دەکرێت کە راپۆرتی دووەم دراوەتە پەرلەمان و کار لەسەر راپۆرتی سێیەم دەکرێت، بۆ ئەوەی ئاراستەی پەرلەمان بکرێت، هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکان زانیاری و وردەکاری لەسەر پرسی نەوت دەخاتەڕوو".