یه‌ك ملیۆن و نیو ده‌نگده‌ر له هه‌ڵبژاردنى داهاتووی عێراق بێبەش دەکرێن
داوا له كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرا به‌خێرایی كار بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و ناوانه بكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:
فازیل غه‌راوى، ئه‌ندامى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق رایگه‌یاند، یه‌ك ملیۆن و 500هه‌زار ده‌نگده‌ر، له عێراق ناتوانن له هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو به‌شدار بن و ده‌نگ بده‌ن.
له چوارچێوه‌ى به‌یاننامه‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى، فازیل غه‌راوى، ئه‌ندامى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق گوتى: یه‌ك و ملیۆن نیو ده‌نگده‌ر بێبه‌شن له ده‌نگدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، كه بڕیار وایه له (10/ ئۆكتۆبه‌ر/تشرینى یه‌كه‌مى) ئه‌مساڵ به‌رێوه بچێت.
گوتیشى: به‌هۆی نه‌بوونى ناوه‌كانیان له لیستى ده‌نگده‌ران، یاخوود نه‌هاتنه‌وه‌ى پسووله‌ى بایۆمه‌تریان، له كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان، ناتوانن به‌شدارى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان بكه‌ن.
غه‌راوى، داواشى له كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كرد، به‌خێرایی كار بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و ناوانه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك مافێكى ده‌ستووری خۆیان له ده‌نگدان بێبه‌ش نه‌بن.
ک.ب